لە ئێران ٩ کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپەڕینی خەڵک بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە، سەرباز و پۆلیسەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و ٩ کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵ بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، سەرهەڵدانی گەلان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، ئەمڕۆ لە ٥١هەمین ڕۆژیدا بەردەوامە و گەل لە شەقامەکاندا لە خۆپیشاندان.

 

دوای هەینی خوێناوی لە شاری زاهیدان لە بەلوچستان کە تیایدا ٩٥ کەس کوژران و لانیکەم ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون، خەڵکی بەلوچ بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانەی کە کوژراون، لە زۆر ناوچە دەستیان بە چالاکیی ناڕەزایەتی کردووە و دوێنێ، ٥ی تشرینی دووەم بەردەوام بوون و بە دەیان هەزار کەس لە زۆر شوێنی بەلوچستان دوای نوێژی هەینی چوونە سەر شەقامەکان.

 

تەقەی ڕاستەوخۆ کرا

بەپێی هەواڵەکان کە لەلاین چالاکانی بەلوچستانەوە بڵاوکراوەتەوە، دوێنێ پاش نیوەڕۆ لە زۆرێک لە شارەکان خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی و بەسیج"یان دەوتەوە و بەرەو دەروازەی پارێزگار بە ڕێپێوان ڕۆیشتن. هێزەکانی ڕژێم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە و تا ئێستا ٩ کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە، لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە ئەو چالاکوانانە بڵاویان کردووەتەوە، دەردەکەوێت کە هێزەکانی ڕژێم ئەگەرچی ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران، بەڵام جەماوەرەکە مەیدان بەجێناهێڵن.

 

ناسنامەی ئەو کەسە کوژراوانە ئاشکرا کرا

دەستپێشخەریی چالاکوانانی بەلوچ ڕایگەیاند کە ناسنامەی ٩ کەسی کوژراو ئاشکرا بووە، دوای هێرشەکان نەخۆشخانەکان پڕبوون و باری زۆرێک لە خۆپیشاندەران باش نییە، بۆیە ڕەنگە ژمارەی کوژراوان زیاتر بێت، لە شارەکانی زاهیدان، سەراوان، پیرانشار، سەرباز و ڕاسک، خەڵک بە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "مەرگ بۆ خامنەیی و بەسیج" چالاکی دەکەن و ڕێگای گوندی فیرۆزاباد لە شاری ڕاسکیان لە سەربازەکان داخرا.