دەستگیرکردنی کۆچبەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا زیادی کردووە

دەستگیرکردنی کۆچبەران لە ڕێگەکانی ئەوروپا بۆ بەریتانیا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووەو لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٥٤%ی کۆچبەران دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆچکردنی هاوڵاتیان لە وڵاتەکانی خۆیان بەهۆی قەیران و نادادپەروەرییەوە ڕوو لە زیادبوونەو کاتێکیش ڕێگای وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا دەگرنەبەر ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و پێشێک=لکردنی مافی مرۆڤ دەبنەوە.

 

ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی وڵاتانی ئەورووپا "فرۆنتێکس" ڕۆژی ٢٢ی ئایار ڕایگەیاند، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ۱٦ هەزار و ۳۷۲ کۆچبەر هەوڵیانداوە لە فەڕەنساوە لە ڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بگەنە بەریتانیا، لەو ژمارەیە ٨ هەزار و ۸۰٥یان واتە ٥٤٪یان، لەلایەن پۆلیسی فەڕەنسا و بەریتانیاوە دەستگیرکراون.

 

ئاماژە بەوەکراوە، دەستگیرکردنی کۆچبەران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە. پار لە هەمان ماوەدا ٤٢%ی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵیان دابوو بە نۆکەندی ئینگلیزدا بپەڕنەوە دەستگیرکرابوون.

 

لە ئاداری ٢٠٢٣وە سنوورە ئاوییەکانی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا تووندتر کراون، ئەمەش لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئەمنی نێوان ئەو دوو وڵاتە.