لەگەڵ زیادبوونی پێکدادانەکان ئاوارەبوون لە غەززە زیادی کردووە

کەرتی غەززە کارەساتێکی مرۆیی بەخۆیەوە دەبینێت و بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر باکوور و باشووری ئەو وڵاتە بەردەوامە، کە بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و زۆربەشیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دوای ئاگربەستی مرۆیی کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوو، دەستی پێکردەوە، لە ماوی ئاگربەستدا ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی هاوکارییەکان درا و ئاڵوگۆڕی بەشێک لە دەستگیرکراوان و زیندانییەکان لە هەردوولا ڕوویدا.

 

دوێنێ ئۆتۆمبێلە ئیسرائیلییەکان هەوڵەکانیان دەستپێکردەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ باشووری کەرتی غەززە و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی خان یونس چڕبوونەوە، بە تایبەتی لە ناوچەی بەنی سوهەیلە، کە دەیان ئۆتۆمبێل بەشداری گەمارۆدانی ناوچەکە دەکەن.

 

بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماڵە دانیشتووەکانی گەڕەکی ئەلشوجاعییە و ئەلزەیتون لە کەرتی غەززەی کردە ئامانج و دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران، هەروەها کۆمەڵێک تیمی بەرگری شارستانی کردە ئامانج و دوو کەسیان کوشت و دەیان کەسیش بریندار بوون.

 

ئیسرائیل گەمارۆی گەڕەکی ئەلزەیتونی لە غەززە داوە، لە نێوان بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا لە گەڕەکی ئەلدەراجی کەرتی غەززە بۆ سەر دوو قوتابخانەی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان، لانیکەم ٥٠ کەس کوژران.

 

لەسەر ئاستی مرۆیی خەڵکی کەرتی غەززە لە ترسی بۆردوومان ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، هەندێکیان لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا بۆ جاری سێیەم یان چوارەم ئاوارەبوون و خۆراک و ئاوی پێویستیشیان نییە، بەم شێوەیە ٢.٣ ملیۆن دانیشتووی کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵن، لانیکەم ٪٨٠یان ئاوارەن و دۆخی مرۆیی کارەساتبارتر دەبێت.

 

بڕی سووتەمەنی و پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئەلئەقسا لە ناوچەی ناوەڕاستی کەرتی غەززە بەهۆی داخستنی ڕێگاوبانەکانەوە کەمبووەتەوە، سەدان نەخۆش پێویستیان بە چاودێری پزیشکی بەپەلە هەیە و نەخۆشخانەکە بە تێکڕا لە سەرەتای هێرشەکانەوە ڕۆژانە ١٥٠-٢٠٠ برینداری وەرگرتووە.

 

ماری ڕیڤێل، ڕێکخەری فریاگوزاری پزیشکانی بێ سنوور، ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریدا لەوەی کەمی دەرمان و سووتەمەنی لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە نەتوانێت نەشتەرگەری ڕزگارکەری ژیان یان چاودێری چڕ پێشکەش بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ٧٠٠ نەخۆش گەیشتنە نەخۆشخانەکە.

 

ژمارەی کوژراوانی ٦١هەمین ڕۆژی هێرشەکان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتە زیاتر لە ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس،  ٧ هەزار و ١١٢ منداڵ و چوار هەزار و ٨٨٥ ژن و کچن، ئەمە جگە لە هەزاران کەسی بێسەروشوێن کە ڕەنگە لە ژێر داروپەردوودا مابێتنەوە.