بانگهێشتی هاوڵاتیانی سلێمانی دەکرێت بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەری لە ڕۆژی کرێکاراندا

لە درێژەی ئەو چالاکییانەی بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ١ی ئایار ئەنجام دەدرێت، سبەی کە دەکاتە ١ی ئایار ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدرێت.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادی شاری سلێمانی کۆمیتەی ١ی ئایار، کە پێکدێت لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و چەندین لایەن و ڕێکخراوی دیکە، لە کۆنگرەیەکی  ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەیان خوێندەوە و ئاماری گیانلەدەستادنی کرێکارانی کوردستان و عێراقیان خرایەڕوو، هەروەها داوا لە خەڵکی شاری سلێمانی کرا سبەی بەشداری بکەن لە ڕێپێوانی جەماوەری.

 

ئازاد عومەر، بەیاننامەی کۆمیتەی ١ی ئایاری خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سبەی یادی ١٣٧ ساڵەی ڕۆژی کرێکاران دەکەینەوە و سەرەڕای ئەو ڕێگریانەی کە حکومەت و دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوە دەبەن، بەڵام کرێکارانی ڕۆشنبیر و  بیر ئازاد هەمو ساڵێک ئەم یادە بەرز ڕادەگرن و کوردستانیش وەکو یەکێک لەو وڵاتانەی هەمیشە چینی کرێکار تیایدا زوڵمی لێ کراوە، ١ی ئایار ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەوە بۆ باخی گشتی ئەنجام دەدات و چەندین مەراسیمی سیاسی و هونەری پێشکەش دەکرێت، داواکارین لە هەموو چین و توێژەکانی بەشدار بن.

 

عوسمان زیندانی، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، ئاماری کۆکراوەی حزبەکەی دەربارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران خستەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە عێراقدا ٦٩ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٨ هەزار و ٨٦١ کرێکار بریندار بوون، لە هەرێمی کوردستانیش ٣٦ کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە ٥ مانگی ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی ٧ کرێکار گیانی لەدەستداوە، ڕاشیگەیاند، مانگانە چەندین کرێکار گیان لەدەست دەدەن، بەڵام ناویان تۆمار ناکرێت.

 

ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار ئامارەکانی بەم شێوەیە  خستەڕوو: لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان ٥٩ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە ٤ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ "٢٠"کرێکار گیانیان لەدەست داوە.