کوێستان ئەکرەمی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەستی لەکار کێشایەوە

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، چوار ساڵی کارکردنی تەواو بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٥ی تشرینی یەکەم کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و وتی: من چوار ساڵی خۆمم تەواوکردووە و داوای لێبووردن لە یەک بە یەکی هاوڵاتییانی شاری خۆشەویستی هەڵەبجە دەکەم کە نەمانتوانیوە خزمەتیان بکەین، من لێرەوە داوای لێبووردنیان لێدەکەم".

 

کوێستان ئەکرەم داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئاوڕێکی جیدی لە هەڵەبجە بداتەوە و وتی: "دوای ٣٤ ساڵ خەڵکی هەڵەبجە مەمنوون بێت کۆڵانەکەی بۆ تێکەڵەڕێژ بکرێت، مەمنوون بێت کۆڵانەکەی بۆ قیرتاو بکرێت، بەڕاستی نەبوونی بودجە و ئەو قەیرانانەی کە سەرجەم عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ئەگەر جارێک پشکێک بەر پارێزگاکانی دیکە کەوتبێت، ١٠ جار بەر پارێزگای هەڵەبجە کەوتووە."

 

کوێستان ئەکرەم لەساڵى ١٩٦٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵى ١٩٨٧ پەیمانگەى تەکنیکیی کەرکوکی تەواوکردووە، لە ساڵى ١٩٩٣ لە سەرۆکایەتیی شارەوانیى هەڵەبجە بووەتە فەرمانبەر، لە ساڵى ٢٠٠٥ تا مانگی مایسی ٢٠١٦ جێگرى سەرۆکى شارەوانیی هەڵەبجە بووە، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ تا دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بووە.