ئاوارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەلومەرجی سەختدا دەژین

بەپێی دواین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ٦ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زستانی داهاتوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی زستانی داهاتوو داوە و بەپێی ئامارەکانی ٦ ملیۆن کەس بەهۆی نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانەوە ڕووبەڕووی زستانێکی سەخت دەبنەوە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نزیکەی ١٠٠ هەزار ئاوارە هەن کە لە لیستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نین و لە هەلومەرجێکی سەختی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا لە کەمپەکاندا دەژین.

 

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە ژمارەکە زۆر زیاترە، چونکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ١٤ کامپ هەن لە لیستەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا نین، لەوانە کامپی واشۆکانی لە حەسەکە، بە یەکێک لەو کەمپانە دادەنرێت کە دانیشتووانەکەی سەرەتاییترین پێداویستی ژیانیان نییە.

 

ئیدارەی کەمپەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، پێداویستی کامپەکان کەمن و بەتایبەت سووتەمەنی سنوردارە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باسی لەوەکردووە بەهۆی گەمارۆ و فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەسترانەگەشتن بە سوتەمەنی و پێداویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و پێداویستی تەندروستی، دژواری لە دابینکردنیان بۆ هاوڵاتیان دەبینن.