ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو: پێویستە زیاتر دەنگمان بەرز بکەینەوە

پارێزەر ئەلیف تیرەنچ ئیپێک دەستبەسەرکردنی بە بیانووی ناردنی پارە بۆ زیندانییەکان هەڵسەنگاندن و نورجان یالچینی ڕۆژنامەنووس، کە بە هەمان هۆکار دەستبەسەر کرابوو، وتی: پێویستە دەنگمان بەرز بکەینەوە.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- لەم دواییانەدا کەسوکاری ئەو زیندانیانەی کە پارە بۆ زیندانییەکان دەنێرن، گوشاری دادگایان لەسەرە و لە ٦ی ئایاردا ٨ کەس لە ئامەد بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوەکە" و "پێشێلکردنی یاساکانی ڕێگریکردن لە دابینکردنی دارایی ڕێکخراوەکە" ڕاگیراون. ئەوانەی دەستبەسەرکرابوون بە مەرجی کۆنترۆڵکردنی دادوەری ئازادکران، ڕۆژنامەنووس نورجان یالچین لەناو ئەو کەسانەدا بوو کە دەستبەسەرکران و لەو بارەیەوە وتی: ئەمە سیاسەتی قڕکردنە، پێویستە لە دژی ئەمە پاڵپشتی زیندانەکان بکەین.

 

هاتیجە یەڵدز لە مانگی ئاداردا بە تۆمەتی ناردنی پارە بۆ زیندان لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەستگیرکرابوو، سزای ٤ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئەو سزایەش لەلایەن پارێزەران و لە ڕای گشتیدا ڕەخنەی لێگیرا، چونکە هاتیجە یەڵدز نەخۆشە.

 

"بەم پراکتیزەیە دەیانەوێت گۆشەگیری قووڵتر بکەنەوە"

نورجان یالچین، کە بە مەرجی کۆنترۆڵکردنی دادوەری دەستبەسەر و ئازادکرا، ڕایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیدا، تەنها داوای ئەو پارەیەیان کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکەی ناردووە، وتیشی: پرسیار دەکەن کە من بۆچی ئەو پارەیەم ناردووە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دەستبەسەریدا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بووینەوە، هەم خێزانەکەم و هەم هاوڕێکانم زیندانی کراون، هەروەها بەردەوام پارە دەنێرم بۆ زیندان،  پرسیارکردن لەو پارەیەی کە ناردوومانە و هەوڵدان بۆ دەرکردنی ئەم پارەیە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، ئەمە سیاسەتی گۆشەگیرییە و ئەم سیاسەتە گۆشەگیریی ئێستا لە زیندانەکاندا قووڵتر دەکاتەوە.

 

"ئەوان دەیانەوێت ڕێگری لە پشتگیرییەکان بکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا، نورجان یالچین ڕایگەیاند کە نابێت ئەم دۆخە بەدەر لە ئاسایی هەژمار بکرێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناردنی پارە بۆ خزمێک لە زیندان بە تاوان دادەنێن، ئەوان دەیانەوێت خەڵک لە پشتیوانی دوور بخەنەوە. هەم دەیانەوێت زیندانییەکان بە تەنیا جێبهێڵن و هەم دەیانەوێت خێزانەکان لەم پرۆسەیە دوور بخەنەوە، نابێت بەرامبەر ئەم سیاسەتی چەساندنەوەیە سەر دانەوێنین، پێویستە لەگەڵ زیندانەکاندا پشتگیری زیاتر بکەین و دەنگمان بەرز بکەینەوە.

 

"ئەوان دەیانەوێت تاوانێکی نایاسایی دروست بکەن"

پارێزەر ئەلیف تیرەنچ ئیپێک لایەنی یاسایی ئەو بابەتەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە تاوانێکی نایاسایی دروست دەکەن و ئەم دۆخە دژی هەردوو ڕێککەوتنی دەستوری و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها وتیشی: ئەستەمە بڵێین ئەو لێکۆڵینەوەیانەی لەسەر ئەو یاسایە بە ناوی 'رێگری لە دارایی ڕێکخراوەیی' کە لە ساڵی ٢٠١٣ دەرچوون، یاسایین، چونکە لە هیچ یاسایەکدا نییە کە نابێت پارە بۆ زیندانییەک یان سزادراوێک بنێردێت، چونکە بەپێی پرەنسیپی یاسایی بوونی تاوان و سزا، کە بەهەمان شێوە پرەنسیپێکی یاسایی گشتگیرە، هیچ کارێک کە بە یاسا پێناسەی نەکردبێت، بە تاوان هەژمار ناکرێت.

 

"مەبەستی ڕێگریکردنە لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ"

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، کە بەو پارەیەی لەلایەن کەسوکاری زیندانییەکانەوە نێردراوە، زۆرێک لە پێداویستییەکان کە لە دەرەوە وەرنەگیراون، لە قاوشەکاندا کڕدراون، وتیشی: مەبەست لە کارە نایاساییەکان ڕێگریکردنە لە جێبەجێکردنی پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکانی زیندانییەکان، مەحاڵە بە هیچ ڕێگەیەکی یاسایی ئەم ڕێگریکردنە لە ناردنی پارە بۆ هاوژین یان خێزان و هاوڕێکانت ڕوون بکرێتەوە، ڕێگریکردن لە زیندانییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان بۆ مەبەستی مرۆیی، جۆرێکی تری ستەم و گۆشەگیرییە لە زیندانەکاندا.