دایکانی ئاشتی: عەقڵیەتی پیاوسالاری توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ئێران بەهێز دەکات

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، ڕێکخراوی "دایکانی ئاشتی" لە ئێران داوای یەکسانیی تەواوی یاسایی، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە تاوانەکانی کەرامەت و کردنەوەی پەناگەی پارێزراو بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٥ی تشرینی دووەم هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، کە بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە و سەرنج دەخاتە سەر پێشێلکارییە سەختەکان کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها بانگەوازەکان بۆ بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی و کۆششی دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان نوێ دەکاتەوە.

 

ڕێکخراوی "دایکانی ئاشتی" لە ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، جەختی لەسەر مافی ژنان لە ئازادی، سەربەخۆیی و بڕیاردان کردەوە، ڕێکخراوەکە بەردەوامبوونی تاوانەکانی کوشتنی ژنانی لە ئێران گەڕاندەوە بۆ هۆکاری پێکهاتەیی، کە دیارترینیان یاسا جیاکارییەکان، عەقڵیەتی پیاوسالاری و کەمتەرخەمیی دامەزراوەکانی دەسەڵاتن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانیان.

 

ڕاگەیاندراوەکە یادی تیرۆرکردنی "خوشکانی میرابێل"ی هێنایەوە یاد و جەختی لەوە کردەوە، کە سەرڕای تێپەڕبوونی چەندین دەیەی بەسەر ئەو ڕووداوەدا، هێشتا توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز بەردەوامە، هەروەها تاوانەکانی "شەرف" لە هەندێک حاڵەتدا بوونەتە نەریتێکی باو کە ئەنجامدەرانیان لە سزا ڕا دەکەن.

 

هەروەها ئاماژەی بە تێوەگلانی ئەندامانی خێزان لەوانە باوک، براک و هاوژینی ئێستا یان پێشوو کرد لە جێبەجێکردنی ئەم تاوانانەدا بە شێوازی دڕندانە کە سووتاندنی بەئەنقەست و تەقەکردن دەگرێتەوە، جگەلەوەش ناكرێت ئەم توندوتیژییە تەنها لە ڕەفتاری تاکەکەسیی تاوانباراندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو جیاکاریی پێکهاتەیی، ناپێکەیی و نایەکسانیی یاسایی، پەیوەندییە پیاوسالارییەکان، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دیاردەیەدا.

 

ڕێکخراوەکە ڕەخنەی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی گرت و ئاماژەی بەو کۆتوبەندە یاساییانە کرد، کە بەسەر ژناندا سەپێنراون لە بوارەکانی وەک خێزان، هاوسەرگیری، جیابوونەوە، سەرپەریشتی منداڵ و سەربەخۆیی کەسی، وەک هۆکارێک کە هەژموون و توندوتیژیی دژ بە ژنان چەسپاوتر دەکەن.

 

ڕێکخراوەکە ڕەخنەی لە نەمانی یاسای گشتگیر و کاریگەر بۆ ڕێگری لە توندوتیژیی خێزانی، لاوازیی میکانیزمە سەربەخۆکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سکاڵای ژنان، کەمیی پاڵپشتیی دادوەری و کۆمەڵایەتیی پێویست گرت، هەروەها ئاماژەی بە وابەستەیی ئابووری، هەڕەشەی خێزانی، دڵڕاوکێ سەبارەت بە چارەنووسی منداڵان، ترس لە شەرمەزاری وەک هۆکارێک کە ڕەنگە ژنان ناچار بکەن بەرگەی توندوتیژی بگرن.

سەبارەت بە کەمیی پەناگەی پارێزراو، ناوەندەکانی پاڵپشتیی تایبەتمەند، خزمەتگوزارییە یاسایی و دەروونییە سەربەخۆکان، دەرفەتە ئابوورییە بەردەستەکان بۆ ئەو ژنانەی ناچار دەکرێن ژینگەی توندوتیژی جێبهێڵن، ڕاگەیاندراوەکە جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی ڕێگری لە کوشتنی ژنان بەرلە ڕوودانی کارەساتەکە کردەوە، دیاری کرد کە بەرپرسیارێتیی حکومەت تەنها لە سزادانی دوای ڕوودانی تاوانەکەدا کورت نابێتەوە.

 

هەروەها داوای چاکسازیی یاسا جیاکارییەکان، دەستەبەرکردنی یەکسانی یاسایی لە نێوان ژنان و پیاوان، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی جددی و سەربەخۆ لە تاوانەکانی کوشتن بەبیانووی شەرەف و توندوتیژیی خێزانی، دروستکردنی پەناگەی پارێزراو و ناوەندی پشتیوانی و لێپرسینەوە لەو دامەزراوانە کرد کە بەرپرسیارن لە پشتگوێخستنی ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی.

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا شەش داواکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان خستە ڕوو، هەڵوەشاندنەوەی یاسا پیاوسالارییەکان و جێگرتنەوەیان بە یاسایەک کە لەسەر بنەمای یەکسانیی تەواوی یاسایی لە نێوان ژن و پیاودا دامەزرابێت، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی جددی، سەربەخۆ و بێ چاوپۆشی لەوەی پێی دەوترێت تاوانەکان بە بیانووی شەرەف و حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانی، ڕێگری لە هەر چاوپۆشییەکی دادوەری لەگەڵ تاوانباراندا، دروستکردن و دابینکردنی پەناگەی پارێزراو و بەردەست و ناوەندی پاڵپشتیی تایبەتمەند بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، دابینکردنی خزمەتگوزاریی یاسایی و دەروونیی سەربەخۆ، پاڵپشتیی ئابووری بۆ ئەو ژنانەی پێویستیان بە یارمەتییە بۆ ڕزگاربوون لە ژینگەیەکی توندوتیژکار، سەرەڕای پابەندکردنی دامەزراوە بەرپرسەکان بە وەڵامدانەوەی کەمتەرخەمییەکان لە پشگوێخستنی ئاگادارکردنەوە و سکاڵاکانی توندوتیژی، بەرێکردنی داواکاریی یارمەتیی ئەو ژنانەی لەژێر مەترسیدان و دانپێدانان بە مافەکان و ئاسایش و ئازادی، سەربەخۆیی و مافی ژنان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، دەستەبەرکردنی ئەم مافانە، دووپاتیکردەوە، کە هیچ نەریت، فەرهەنگ، ئایین یان نازناوێک ناتوانێت شەرعیەت بدات بە توندوتیژی و بێڕێزی، دەستبەسەرداگرتن یان کوشتنی ژنان.