گۆڕەپانی ژنی ئازاد؛ سیمبولی بەرخۆدانی کۆبانێ

١ی تشرینی دووەم، نۆیەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانی پشتیوانی بەرخۆدانی کۆبانێیە، کە خەباتی گەل و شەڕڤانان لە دژی بەکرێگیراوانی داعش، کۆبانێ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لە دەستی هێزە تاریک پەرستەکان ڕزگار کرد.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- ژنان لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە تایبەتی لە بەرخۆدانی کۆبانێ لە دژی بەکرێگیراوانی داعش، توانیان ڕێگای خەبات و ئازادی بۆ ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕۆشن بکەنەوە.

 

شەڕێکی توند و بەرخۆدانی مێژوویی لە شاری کۆبانێ تۆمار کرا، هێزەکانی پاراستنی گەل و ژنان ڕووبەڕووی هێرشی بەکرێگیراوانی داعش بوونەوە، کە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر هەموو جیهان دروستکرد، ئەو بەرخۆدانەش لە ساڵی ٢٠١٤دا بوو بە سیمبولی خەبات و قارەمانێتی و بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد و شەڕڤانانی یەپەژە داستان نووسرایەوە. شاری بچووکی کۆبانێ بوو بە قەڵای بەرخۆدان و خۆڕاگری و جیهانی بە کورد و ژنی کورد و پرسی کورد ناساند، بۆیە هەموو گەلانی جیهان، بە ئامانجی بڵاوبوونەوە ئاشتی و بۆ پشتیوانی ئەو بەرخۆدانە یەکیان گرت.

 

١ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی پشتیوانی بەرخۆدانی کۆبانێیە، کە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا، نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان پشتیوانیان لە کۆبانێ و بەرخۆدانی گەلی کورد کرد و بە دروشمی “کۆکردنەوەی جیهانی بۆ کۆبانێ و مرۆڤایەتی دژی داعش" یەکگرتوو بوون.

 

لە نۆیەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانی پشتیوانی بەرخۆدانی کۆبانێ، هێلین حاجم، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە هەرێمی کۆبانێ باسی لە ڕۆڵی ژنان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد و وتی: ئەم ڕۆژە بە ئاسانی و بێ قوربانی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو خەبات و بەرخۆدانی گەورە و مێژوویی لەلایەن گەنجان و ژنانی کورد لە شارە بچووکەکەی کۆبانێ، کە بە قەڵای بەرخۆدان و خۆڕاگری ناسراوە، تۆمار کرا و گەل باجی قورس و خوێنیان بۆ بەخشی.

 

سەبارەت بەو هۆکارەی کە وایکرد هەموو جیهان هاوسۆزی بەرخۆدانی کۆبانێ بێت، هێ؛ین حاجم ئاماژەی بەوەشکرد، "بەکرێگیراوانی داعش لە شارێکی بچووکی وەک شاری کۆبانێدا هەموو جیهانیان تیرۆر کرد، لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی مێژوویی کە لەلایەن شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنان بەڕێوەچوو، هێز و ئیرادەی گەل بەهێزتر بوو لە دژی تیرۆری داعش و ئەم بەرخۆدانەش وایکرد جیهان و زۆرێک لە وڵاتان و خەڵک کە داوای ئاشتی و ئازادی دەکەن، ڕۆژێکی پشتیوانی جیهانیی بۆ کۆبانێ تەرخان بکەن.

 

هێلین حاجم ڕوونیشی کردەوە، شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و جێبەجێکردنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک یەکێک بوون لەو هۆکارانەی کە کۆبانێ بۆ هێرشی داعش هەڵبژێردرا، وتیشی: ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان ساڵی ٢٠١٤ و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لەو هۆکارانە بوون کە وایکرد تورکیا پاڵپشتی بەکرێگیراوانی داعش بکات بۆ نەهێشتنی ئەم ئیدارەیە و بە تایبەتی هێر بکاتە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان کە لە کۆبانێوە دەستی پێکردبوو، بۆیە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتی بۆ سەر کۆبانێ، بەم شێوازە بەربەرییە بوو.

 

"مەیدانی ژنی ئازاد میراتی خەباتی ژنانە لە شەڕی کۆبانێدا"

ڕۆژی ١٤ی ئاداری ٢٠١٦ پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار، کە نوێنەرایەتی ئازادی و ئازایەتی ژنە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرە کوردەکە دەکات، لە گۆرەپانی کۆبانێ دانرا، پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار هێمای خەباتی ژنی کوردە، ئەم پەیکەرە سیمبول و دیاری شاری سلێمانی بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە شەڕی کۆبانێدا بەشدار بوون و بەرخۆدانیان کرد.

 

هونەرمەندی پەیکەرتاش زیرەک میرە، پەیکەری ژنی ئازادی بە درێژی ٩ مەتر و بە کێشی ٨ تەن دروستکردووە، کە زیاتر لە ٣ مانگی پێچووە، شێوەی پەیکەرەکە هێمای چەندین خاڵە، باڵەکان هێمای خوداوەندی سەرکەوتنن، دانانی دەستی ڕاستی پەیکەرەکەش لەسەر سنگی ئاماژەیە بۆ سوێندخواردن، کە لەلایەن ژنانی شەڕڤانەوە لە کاتی هەڵگرتنی چەکدا ئەنجام دەدرێت، بەرزکردنەوەی دەستی چەپیش هێمای سەرکەوتنە.

 

سەبارەت بە گرنگی پەیکەری ژنی ئازاد بۆ خەڵک و ژنانی کۆبانێ هێلین حاجم ڕوونی کردەوە، "پەیکەری ژنی ئازاد وەک سوپاس و پێزانینێک بۆ خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە شەڕی دژی داعش پێناسە دەکرێت کە بە داستانی کۆبانێ بەناو دەکرێت، پەیکەرەکە شایەتحاڵی بەرخۆدانی کۆبانێ و ئیرادەی خەباتکاران و یەکینەکانی پاراستنی ژنانە، شایەتحاڵی بەرخۆدانی دایکانە لە شەڕەکەدا و پێداگرییانە لەسەر مانەوە لە شارەکەیاندا، ئەم پەیکەرە بۆ خەڵک و ژنانیی کۆبانێ بەها و گرنگییەکی ئەخلاقی هەیە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی ناسنامەی ئەو ژنە کوردە دەکات کە ڕووبەڕووی بەکرێگیراوانی داعش شەڕی کردووە، نوێنەرایەتی سەدان ژنی شەڕڤانی وەک ئارین، ڕێڤان، بێرتان، ئاڤیستا و ...هتد دەکات، بەڵام ئێستا ئەم گۆڕەپانە دیسان لەژێر هێرشدایە، بۆیە ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی بەرخۆدانی کۆبانێیان کرد، دەبێت دیسانەوە لەگەڵ گەلی کۆبانێ بووەستنەوە و هێرشەکان ڕابگرن.