"ئێران تۆڵەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ژنان دەکاتەوە"

نێرگس محەمەدی لە میانی دیدارێکدا ئاماژەی بەوەدا، بارودۆخی ژنانی زیندانیی سیاسیی زۆر خراپە و ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات تۆڵەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ژنان بکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمرۆ نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی، لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ کۆمیتەی مافەکانی ژنان لە ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا و ئەندامانی پەرلەمانی فەڕەنسا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، لە زیندانەکانی ئێران ژمارەی لەسێدارەدان زیادیكردووە و هەموو ڕۆژیک لەم خاکەدا سەری گەنجەکانمان بە پەتی سێدارەوە دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی ژنانی زیندانیی سیاسیی زۆر خراپە و ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات تۆڵەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ژنان بکاتەوە، هەروەها وتیشی: ئێران لە ڕێگەی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەیەوێت ژنانی قارەمان ناچار بکات لە خەبات و تێکۆشانەکانیان پاشەکشە بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە فەڕەنسا کرد پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێران بکاتە مەرجی سەرەکی و تەوەری سەرەکی هەر گفتوگویەکی فەڕەنسا لەگەڵ ئێران بێت، هەروەها كار بكەن بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان.

 

جێی ئاماژەیە لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد پەسەند کرا. هەروەها لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن قاسم سەلاوەتی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی سەپێندرا.