هونەرمەندێکی دیاری سووریا کۆچی دوایی کرد

لە پاش تۆمارکردنی دەیان بەرهەمی شانۆیی، تەلەفیزیۆنی و سینەمایدا، هونەرمەندی دیاری سووری سەنا دبسی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٠ی شوبات، سەندیکای هونەرمەندانی سووریا، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆیان بڵاویانکردووە کە سەنا دبسی، هونەرمەندی سووری لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

 

سەنا دبسی، هونەرمەندی سووری، لە سەرەتای مانگی ئادار لە ساڵی ١٩٦٨ بەشداری سەندیکای هونەرمەندانی سووریا بووە، یەکێک بوو لە هونەرمەندە یەکەمەکان و بەشداری لە دامەزراندنی شانۆی نیشتمانیدا کردووە، هەروەها لە ماوەی پیشەکەیدا بەشداری لە چەندین بەرهەمی جیاواز کردووە دیارترینیان شانۆیی گەل بوو، لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی سەرا دبسی لە شاری حەلەب ئەنجامیان داوە.

 

بەشداری بەرهەمی تەلەفزیۆنی، شانۆیی و سینەمایی کردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەکتەری سووری سەلیم سابر کردووە و دایکی کچێکە، لە ماوەی ژیانی هونەریدا چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە، لەوانەش لە ساڵی ٢٠٠٤ لە فێستیڤاڵی شانۆی دیمەشق خەڵاتی ڕێزلێنانەی پێبەخشراوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ئاهەنگی ڕۆشنبیری سووریا خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە.

 

کارەکانی برتیبوون لە:

ئەو بەرهەمە تەلەفیزیۆییانەی بەشداری تیادا کردووە بریتین لە 'خۆر دووبارە هەڵدێتەوە، ماڵە کۆنەکە، گازێل لە کێوی گورگەکاندا' و چەندین بەرهەمی دیکە.

 

سەبارەت بە بەرهەمەکانی لە شانۆدا، بەشداری لە شانۆنامەی 'شیرک لە ساڵی ١٩٦٥،  شانۆنامەی هاوسەرگیری خوێن لە ١٩٦٦' و چەندین شانۆی دیکەی کردووە، دواتر لە ساڵی ١٩٧٨ وازی لە کاری شانۆ هێناوە و زیاتر لە ٢٢ ساڵ کاری نەکردووە لە پاشان بە شانۆیی 'ئەفسانە' لە ساڵی ٢٠٠٠ گەڕاوەتەوە.

 

لەبواری سینەمایدا کاریکردووە وەک 'لە ساڵی ١٩٧٢ لە فیلمی فریودراو، ئەللاجات لە ساڵی ١٩٩٥، زیندووبوونەوەی مەدینە لە ساڵی ١٩٩٥، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە فیلمی چیرۆکی مەتار، کورتە فیلمی کاتێکی کەم لە ساڵی ٢٠٠٨'.