لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، ژنانی غەززە باجی جەنگ دەدەن

ژنانی فەڵەستینی ئەو برینانە ساڕێژ دەکەن کە بەهۆی جەنگ و گەمارۆوە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویان داوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان باجی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەدەن، لەوانە توندوتیژی، کوشتن، ئاوارەبوونی بەزۆر و بەرەنگاربوونەوەی ئازارەکانیان لەژێر بۆردومانی بەردەوامدا، بۆ دەیان ساڵە ژنانی فەڵەستینی ڕووبەڕووی هێرش و جیاکاری و توندوتیژی ڕێکخراو بوونەتەوە، هەزاران ژن زیانبەرکەوتووی تاوانەکانی جەنگ و جینۆسایدن بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە.

 

دوای ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە ناکۆکی و جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٤ هەزار کەس، لەنێویاندا ٦ هەزارو ١٥٠ منداڵ و زیاتر لە ٤ هەزار ژن هەن، نزیکەی ٣٦ هەزار کەس برینداربوون و ٦٦ ڕۆژنامەنووسیش کوژراون، ئاگربەستی مرۆیی کاتی لە کەرتی غەززە لە بەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی تشرینی دووەم چووە بواری جێبەجێکردنەوە بەپێی ڕێککەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس کە قەتەر و میسر نێوەندگیری دەکەن.

 

لە ماوەی ئاگربەستەکەدا، یەکەم کۆمەڵەی زیندانییە فەڵەستینییەکان ڕادەستکرا، لە کاتێکدا ئیسرائیل ٣٩ زیندانی کە ١٥ منداڵ و ٢٤ ژن بوون ئازاد کرد، لە کاتێکدا حەماس ١٣ زیندانی ئیسرائیلی ئازاد کرد کە هەموویان منداڵ و ژن بوون و ١٠ کەسیان تایلەندی و یەکێکیان فلیپینی بوون.

 

پێدەچێت قەتەر ئەمڕۆ شەممە ژمارەی ئەو زیندانییانە ڕابگەیەنێت کە لەو ڕۆژەدا ئازاد دەکرێن، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل وتیان: لیستێکی ناویان پێگەیشتووە کە دەتوانن ئەمڕۆ غەززە بەجێبهێڵن لەکاتی ئاگربەستەکەدا، بەڵام ئاماژەیان بە ژمارە یان کاتی ئازادکردنیان نەکرد، هێشتا نزیکەی ٢١٥ زیندانی هەن کە نازانن زیندوون یان گیانیان لەدەستداوە.

 

سوپای ئیسرائیل بە فڕێدانی پەڕە بەسەر ناوچەکانی باشووردا، ئاگاداری دانیشتوانی باشووری کەرتی غەززە و ئاوارەکانی کرد لەوەی بەرەو ناوچەکانی باکوور و شاری غەززە بڕۆن لەکاتی ئاگربەستی مرۆیی کاتیدا لەنێویاندا شاری ڕەفە، کە تیایدا وتی: بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە هێشتا جەنگ کۆتایی نەهاتووە، ئاگربەستی مرۆیی کاتییە و باکوری کەرتی غەززە ناوچەیەکی مەترسیدارە و هاتوچۆ قەدەغەیە.

 

دوای هێرشە بەردەوامەکان ئاگربەستە مرۆییەکە هەندێک ئارامی بۆ خەڵکی غەززە هێنا، دەیان هەزار لە دانیشتوان ڕۆژی هەینی قوتابخانە و کامپەکانیان بەجێهێشت و چوونەوە ماڵەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی خان یونس و ڕەفەح و بوریج و مەغازی و دێر ئەلبەلا سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئیسرائیل بۆ نەگەڕانەوە.