لەسێدارەدانی لانیکەم ٦٩ کەس لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە ئێران

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای ناڕەزایەتیی چالاکوانان دژی لەسێدارەدان، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٩ کەس بە بیانووی ناڕاست لە سێدارە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتی گروپی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، لانیکەم ٦٩ کەس سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، زیاتر لە ٪٧٥ی ئەو لەسێدارەدانانە لەلایەن حکومەت و دەزگای دادوەرییەوە ئاگادار نەکراونەتەوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو دۆسیانە بە لەسێدارەدانی نهێنی ناودەبەن.

 

لە ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە مانگی ڕابردوودا، پێنج زیندانی لە زیندانەکانی قەزوین، کرمان و کەهنوج، زیندانییەک لە زیندانی زابول، سێ زیندانی لە شیراز و هەمەدان، دوو زیندانی لە زیندانی ڤاکیل ئاباد لە مەشهەد، دوو زیندانی لە ئەراک، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە، زیندانییەک لە زیندانی بیرجەند، چوار زیندانی لە زیندانی زاهیدان، دوو زیندانی لە زیندانی هەمەدان و زیندانییەک لە زیندانی کەهنوج، دوو پیاو و ژنێک لە تاران لە سێدارە دراون.

 

جێی ئاماژەیە، دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سەرەڕای هۆشداریی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران بە بیانووی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، شەڕ و کوشتن توندتر بووە، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاویش کراونەتەوە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٧٣ زیندانی بەلوچ کە چواریان ژن بوون، لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

 

بەپێی ئاماری ساڵانە و لە درێژەی سەرکوتکردنی سیستماتیکی گەلی بەلووچ، لە ماوەی ساڵێکدا، لە ئابی ساڵی پارەوە تا ئەمساڵ، لانیکەم ١٧٤ هاووڵاتی بەلووچ بە بیانووی درۆ و ناڕاست لە سێدارە دراون.