فیلمی "نان و گوڵەکان" دەبێتە دەنگی ژنانی ئەفغانستان

فیلمی دۆکیومێنتاری "نان و گوڵەکان" لە بەرهەمهێنانی جێنیفەر لۆرێنسە، باس لە ژیانی ڕۆژانەی سێ ژن دەکات لە هەفتەکانی دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن تاڵیبانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

جێنیفەر لۆرێنس، ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار فیلمێکی دۆکیومێنتاری بە ناوی "نان و گوڵەکان" تایبەت بە دۆخی ژنانی ئەفغانی لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان دەخاتەڕوو.

 

ژنە گەنجەکە بە چەکدارانی تاڵیبان دەڵێت: ئێوە تەنها ژنان دەچەوسێننەوە.

چەکدارێکیش لە وەڵامدا دەڵیت: پێم وتیت قسە مەکە،" لێرە دەتکوژم!"

ژنە گەنجەکە: "باشە، بمکوژە! قوتابخانە و زانکۆکانت داخست! باشتر وایە بمکوژیت!"

 

ئەم دیمەنە کامێرایەک بە نهێنی و بە شێوەیەکی لەرزۆک ئەم ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆیەی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا تۆمار کردووە لەنێوان ژنەکە و چەکدارەکەدا، کە ئەو ژنە گەنجە دوای خۆپیشاندانێک دەستگیر کرابوو و خەریک بوو بگوازرێتەوە بۆ خانەیەکی بەندکردن لە کابولی پایتەخت.

 

ئەمە دیمەنێکە لە فیلمی دۆکیومێنتاری "نان و گوڵەکان"، کە باس لە ژیانی ڕۆژانەی سێ ژن دەکات لە هەفتەکانی دوای دەستگیرکردنیان.

 

جێنیفەر لۆرێنس، لەبارەی فیلمەکەوە وتی: دڵم زۆر بە خێرایی لێدەدا، کاتێک ئەو ژنانە ڕووبەڕووی تاڵیبان دەبنەوە، ئێوە ئەم لایەنەی چیرۆکەکە نابینن، ژنان هەموو ڕۆژێک شەڕ دەکەن و ئەمە بەشێکی گرنگی فیلمەکەمانە و چیرۆکی ئەم ژنانەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە وێرانکەرە کە بیر لە لەدەستدانی کۆنترۆڵی کتوپڕی ژنانی ئەفغانستان بکەینەوە، لە ئێستادا هیچ دەسەڵاتێکیان لە وڵاتەکەیاندا نییە، زۆر گرنگە بۆیان دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت کە چیرۆکی خۆیان بەڵگەنامە بکەن.