ژنانی ناو شێڵتەرەکان بەهۆی بێبەشکردن لە دەنگدان دووجار ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە

لە تورکیا ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە و پەنایان بۆ شێڵتەرەکان بردووە، لە مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار بێبەش دەکرێن، بەوەش جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ستەم و ماف خوران دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەزاران ژن لە تورکیا، کە بەهۆی توندوتیژی پەنایان بۆ شێڵتەرەکان بردووە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابردوودا، بە پاساوی شاراوەیی ناسنامەیان ڕێگەنەدرا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لەو مافەیان بێبەشکران، سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام دووبارە لە هەموواری یاسای هەڵبژاردنەکاندا، کە ئاکەپە و مەهەپە پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە و لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢ پەسەند کرا، گرنگی پێنەدرا و پشتگوێخرا.

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا، ژمارەی ئەو ژنانەی لەمافی هاوڵاتیبوون و دەنگدان بێبەشکرابوون بەهۆی مانەوەیان لە شێڵتەرەکاندا، دەگەیشتە ٣٠ هەزار ژن.

 

بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ و بەهۆی چارەسەرنەکردنی ئەو گرفتە بۆ ژنانی ناو شێڵتەرەکان، پێدەچێت ئەو ژنانەی بەشداری دەنگدان نابن زیاتر لەو ژمارەیەی هەڵبژاردنی ڕابردوو بێت، دەسەڵات و سیستمی زاڵ هەمیشە پشتی کردووەتە چارەسەری ئەو کیشانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە و خوڵقێنەری سەرجەم کیشە و گرفتەکانی بەردەم ژنانە لە کۆمەڵگەدا.