ژینگەپارێزان ڕێگری لە کردنەوەی کانی خەڵوز دەکەن

بەهۆی کردنەوەی کانی خەڵور لە گوندی لوتسێرات لە ئەڵمانیا، ژینگەپارێزان بە پێشەنگایەتی چالاکوانێکی سویدی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس دروستبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٤ی کانوونی دووەم، سەدان کەس لە نزیک گوندی لوتسێرات لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا لە شوێنی گەورەترین کانگای خەڵوزی سەرکراوە خۆپیشاندانیان کرد و سوورن لەسەر ڕەتکردنەوەی فەرمانی دادوەری بۆ جێهێشتنی شوێنی خۆپیشاندانەکە.

 

لە خۆپیشاندانەکە بە وتەی پۆلیس ١٥ هەزار کەس و بە داتای ڕێکخراوەکان نزیکەی ٣٥ هەزار کەس بەشداریکردووە و هەوڵیانداوە لە ناوچەیەکی سنوردار و مەترسیدار نزیک ببنەوە، لە گوندی لوتسێرات، لە باکوری راین-وێستفالیا، کە دانیشتوانەکەی نزیکەی سەد کەس دەبوون، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی نادڵنیایی لەسەر دروستکردنی کان و پلانێک بۆ چۆڵکردنیان بۆ فراوانکردنی کانە خەڵوزەکەی گارزوێلەر، شوێنەکەیان بەجێهێشت.

 

خۆپیشاندانەکان لە دوای بە تەواوی چۆڵکردنی گوندەکە دەستیپێکرد، نزیکەی هەزار چالاکوان ڕژانە ناو گوندەکەوە و دەیانەوێت ڕێگری بکەن لە بوون بە کانێکی خەڵوز، گروپە ژینگەییەکان بە پێشەنگایەتی چالاکوانی سویدی گریتا تونبەرگ بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان،

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە جیهان بەهۆی قەیرانی وزەوە دەناڵێنێت و بەرلین ناچارکرا کە کردنەوەی کانی خەڵوز دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی داواکاریی ووزەی ئەڵمانیا پڕبکاتەوە وەک بەشێک لە گەڕان بۆ سەرچاوەکانی ووزە، لەوپێناوەشدا حکومەتی سکۆلز-ئەڵمانیا مۆڵەتی بە کۆمپانیای ئاڕ دەبلیو ئەی داوە بۆ فراوانکردنی کانی خەڵوزەکە لە نزیک لوتسێرات.

 

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و سوربوونیان لەسەر ڕێگری کردن لە کردنەوەی کانەکە و شکاندنی بەربەستەکان، پۆلیس هێرشی کردەسەر خۆپیشاندەران و پێکدادان ڕوویدا، بەهۆیەوە دەیان چالاکوان بریندار بوون.