ڕاپۆرتێک: ئەو ناوچەیەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەدا بوو ڕێگەمان نەدرا لێکۆڵینەوە بکەین

دەوڵەتی تورکیا پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و چەکی کیمیایی لە چیاکانی کوردستان بەکاردەهێنێت، بەپێی ڕاپۆرتی شاندێکی نێودەوڵەتیش لە هەرێمی کوردستان پەدەکە ڕێگرە لە لێکۆڵینەوەی شاندە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژانی ٢٠-٢٧ی ئەیلول شاندێکی ڕێکخراوی پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە شەڕی ئەتۆمی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان، دوای ئەوە ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە پەدەکە ڕێگری دەکات لە چوونە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی بابەتەکە.

 

دکتۆر جان ڤان ئەکین، نوێنەری ڕێکخراوەکە و ئەندامی شاندەکە لە ڕاپۆرتێکدا کە ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکەی بۆ چرا تیڤی زانیاری ئاشکرا کرد، لە سەرەتادا ئاماژەی بەوەدا کە پەدەکە لە بەردەم هەوڵەکانیان ڕێگرە و وتی: دەمانویست بچینە گوندێکی ناوچەی کانی ماسی لە سنوری ئامێدی بۆ ئەوەی لەگەڵ قوربانیانی هێرشەکە کۆببنەوە و نموونەیان لێوەربگرن، بەڵام ئەو ناوچەیەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەدا بوو ڕێگەیان پێنەدراوە، بۆیە ناچاربوون بەدواداچوون بۆ ئەو وێنە و بەڵگەنامانە بکەن کە لەبەردەستدان و لەگەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی هەولێر و بەغدا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کۆببنەوە.

 

ئەو پزیشکە وتیشی: تا ئەو شوێنەی ئێمە دەزانین هەماهەنگی لەنێوان سوپای تورک و ئیدارەی خۆجێی هەولێردا هەیە لەوانەیە باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەبێت بابەتەکە بە شاراوەیی بهێڵنەوە، بۆیە ڕێگەمان پێنەدرا بچینە ناوچەکە، چونکە ئەگەر سەلمێنرا کە چەکی کیمیایی بەکارهاتووە ئەوە ئابڕووچوونێکی نێودەوڵەتی دەبێت بەڕای من ئیدارەی هەولێر ئەمەی نەویستووە.

 

پزیشک جان خستیەڕوو کە بەپێی ئەو وێنانە و ئەوانەی قسەیان لەگەڵ کردوون نیشانەی بەهێز هەیە چەکی کیمیایی بەکارهاتووە و وتیشی: بۆیە پێویست دەکات شاندێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ لە ناوچەکە لێکۆڵینەوە بکات، بۆ ئەوەشی OPCW بتوانێت لێکۆڵینەوە بکات، پێویستە دەوڵەتێکی ئەندام داوا بکات بۆیە ئەگەر بەغدا، وەک عێراق گوشار و داواکاریی بکات ئەوا ڕێکخراوەکەمان دەبێت لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات.

 

ئەو بەبیری هێنایەوە کە وەزیری بەرگری تورکیا لەبەردەم پەرلەمانی تورکیادا دانی بەوەدا ناوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە گازی چاوسوتاندنی بەکارهێناوە.