درێژەدان بە ڕاپەڕین تا گەیشتن بە ئازادی

ڕاپەڕین بۆ ئازادی ٢٧ ڕۆژە بەردەوامە، ئومێدی بە ملیۆنان کەس بەخشیووە، شەوی ڕابردووش بە ئامادەبوونی خەڵکی ئێران درێژەی هەبوو، یاخیبووان هەڕەشەیان لە سیستەمی دیکتاتۆری ئێران کرد و ڕایانگەیاند کە تا سەرکەوتن بەدەست نەهێنرێت شەقامەکان جێناهێڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا نزیکەی مانگێکە مانگرتنی گشتی و ڕاپەڕینی سەر شەقامەکان لە دژی ڕژێمی ئێران دەستی پێکردووە، شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران بە ژمارەیەکی زۆر لەسەر شەقامەکان بۆ حکومەتیان سەلماند کە سەرکوتی توندوتیژ و دڕندانە ڕێگر نییە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆپیشاندەران.

 

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای پچڕانی توندی ئینتەرنێت، ژینگەی ئەمنی و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان و بەسیج و پاسەوانەکان، دەستگیرکردنی بەردەوامی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، خوێندکاران و پزیشکان، ئەنجومەنی سەندیکاکانی مامۆستایان و کرێکاران، شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان لە شارەکانی سنە، مەهاباد، ئیلام، پیرانشار، سەقز، ورمێ، کرماشان، کامیاران، بانە، مەریوان، بوکان، دیواندرێ و شارەکانی دیکە  دروشمەکانیان دەوتەوە " مردن بۆ دیکتاتۆر، بڕۆ لە کوردستان، کوردستان گۆڕستانی فاشستەکانە، سنە بە تەنیا نییە سەقز پشتیوانیە، هەتا کوردێک بمێنێت کوردستانیش دەمێنێت."

 

باس لەوەش کراوە کە خۆپیشاندەران بە داخستنی ڕێگاوبانەکان و داگیرساندنی ئاگر و بەردبارانکردن و داگیرکردنی شەقامەکان و لێدانی چەند گروپێکی بەسیج لە شارە جیاوازەکان بەرەنگاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێم بوونەتەوە، هەروەها باس لەوە کراوە کە چوار ئەندامی بەسیج لە کرماشان بە دەستی شۆڕشگێڕان کوژراون.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە شارەکانی کرماشان، مەهاباد و سنە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر شۆڕشگێڕان چەند کەسێک کوژراون و بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی شارەکانی دیکەوە نییە.

 

هه‌روه‌ها له‌ سیستان و به‌لوچستان و شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران له‌وانە تاران، ئه‌راک، یه‌زد، ئه‌سفه‌هان، مه‌شهه‌د، ئه‌هواز، خوزستان، به‌نده‌ر عباس، شیراز، کرمان، خوراسان، قوم، که‌ره‌ج، مازه‌نده‌ران، ڕه‌شت، تەبرێز، زەنجان ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان شۆڕشگێڕان و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.