غەززە لەبەردەم خراپترین قەیرانی مرۆیی دایە

لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی پەنابەران و بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئیسرائیل بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک بەردەوامە لە شەڕی دژی کەرتی غەززە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەچێتە مانگی سێیەمی خۆیەوە، ئەمڕۆش دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، دوای ئەوەی ئیسرائیل زۆرێک لە ماڵەکانی دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی ئەلسەحابە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بۆردوومان کرد.

 

لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵە دانیشتووەکانی خان یونس و ڕۆژئاوای دەروازەی ڕەفەح ١١ کەس کوژران، هاوکات نزیکەی ١٣ کەسیش لە بەئامانجگرتنی کەمپی نوسرات گیانیان لەدەستدا.

 

بەهۆی بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە دوێنێ، ٨ی کانوونی یەکەم زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژران و ژمارەی کوژراوانیش لە سەرەتای هێرشەکانەوە گەیشتە زیاتر لە ١٧ هەزار و ٤٩٠ کەس، کە حەوت هەزار و ٨٧٠ منداڵ و ٦ هەزار و ١٢١ ژن بوون، هاوکات سەدان کەسیش ئاوارەبوون و کۆچیان کردووە، بۆ ناوچەی ڕەفەح، کە کۆی ژمارەی دانیشتووانەکەی بووەتە سێ هێندە، سەرەڕای بچووکی شارە، بەڵام سەدان هەزار ئاوارە لە باکووری کەرتی غەززەوە ڕوویان تێکردوورە.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان و کەمی یارمەتییە پزیشکی و خۆراکییەکان و کەمی ئاوی خواردنەوە و خۆشۆردن، ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان دا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو ئاوارەکاندا، دوای بەڵگەنامەکردنی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی جگەر و هاری و هێرسیس، کە لە ئەنجامی قەرەباڵغی و کەمی ئاو و نەبوونی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ تووشی خەڵک دەبێت.

 

لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری دەزگای فریاگوزاری و کار بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند، کە فەرمانی چۆڵکردنی ئەم دواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی نیو ملیۆن کەسی دیکە بۆ ڕەفەح، جەختیشی کردەوە کە ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆ وەک پێویست نابێت و کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.

 

کەمبوونەوەی ژمارەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی هاوکاری و بەردەوامی بەربەست لە گەیشتن بە خەڵکیش، قەیرانی خۆراکی دوای داڕمانی ئاگربەستی یەک هەفتەیی توندتر کردووە.