گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لەئایندەو مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان دەکات

ڕێکخراوێکی مافی منداڵان هۆشداری دەدات لە کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا کە هەڕەشە لە یەک ملیار منداڵ دەکات لە جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی "Kids right" ىۆ مافەکانی منداڵان هۆشداری داوە لە دووبارە بوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە هەڕەشە لە یەک ملیار منداڵ دەکات لە جیهاندا، هەروەها بەداخە بۆ ئەوەی کە ستانداردی ژیانی کەمینەکان لە جیهاندا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا باشتر نەبووە.

 

ڕێکخراوەکە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٢ مایەی نیگەرانییە بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی منداڵان، خێراکردنی گۆڕانی کەش و هەواش هەڕەشە لەداهاتوویان و مافە بنەڕەتیەکانیان دەکات.

 

هەروەها نەخۆشی کۆڤید-١٩ کاریگەری زۆری لەسەر منداڵان هەبووە، چونکە هەندێک جار بەهۆی پەکخستنی کەرتی تەندروستییەوە لە خواردن و دەرمان بێبەشکراون و بەو هۆیەشەوە نزیکەی ٢٨٦ هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ گیانیان لەدەستدا.

 

ڕێکخراوەکە ساڵانە لێکۆڵینەوەیەک بەناوی "پێڕستی مافەکانی منداڵان" بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا  ١٨٥وڵات بەپێی پابەندبوونی خۆیان بە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی منداڵ لەسەر بنەمای داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پۆلێن دەکرێن، لە پێڕستی ساڵی ٢٠٢٢دا، فینلاند، ئایسلەند، سوید و هۆڵەندا پلەی یەکەمیان وەرگرت، ئەفریقای ناوەڕاست، سیرا لیۆن، ئەفغانستان و چاد لە ڕیزبەندییەکەدا هاتنە خوارەوە.

 

مارک دۆلارت دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کەش و هەوا بە خێرایی دەگۆڕێت و ئێستا هەڕەشە لە داهاتوو و مافە بنەڕەتییەکانی ئەوان دەکات، هەروەها بەداخە لەوەی کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا هیچ پێشکەوتنێکی گرنگ لە ستاندارەکانی ژیانی منداڵاندا بەدی نەکراوە و سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی پەتاوە بژێوەی ژیانیان سەخت بووە.

 

بەپێی پێڕستی مافەکانی منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بۆ یەکەم جار لە ماوەی دوو دەیەدا، ژمارەی منداڵانی کار لە جیهاندا بەرزبووەتەوە بۆ ١٦٠ ملیۆن یان ٨.٤ ملیۆن لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.