لە پاکستان بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پاکستان ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٣ کەسیش بریندار بوون، کەشوهەوای خراپ بەردەوامە و کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە پارێزگای خەیبەر-پاختونخوا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پاکستان، بارانبارینی بەخوڕ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان دروست دەکات و بەپێی هەواڵەکان، لە پارێزگای پیشاوەر و دیری خواروو و باجاور بە هۆی بارانی زۆرەوە سەقفی خانووەکان داڕما و بەهۆی لافاوەوە بەشێک لە خانووەکان وێرانبوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری کە ٧ کەسییان لە پیشاوەر و ٣ کەسیان خەڵکی خوارووی دیر ڕزگار کردووە و ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسیش برینداربوون، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.

 

بارودۆخی خراپی کەشوهەوا بەردەوامە

بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا کاریگەری لەسەر لەهور، بەلوچستان، کاراچی و تەنانەت ناوچە شاخاوییەکانی باکوور لە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەدا هەبووە، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە شاری کاراچی 'باری نائاسایی' ڕاگەیەندرا و لە هەندێک ناوچەی لەهور بارانبارینی زۆر کاریگەری لەسەر ژیان هەبووە، بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.