شەڕی غەزە ٦٢٥ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەش دەکات

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئیسرائیل ٢٤ خێزانی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢١٠ کەس و برینداربوونی ٣٨٦ کەس، ژمارەیەک لە زیانبەرکەوتووان هێشتا لەژێر داروپەردووی بیناکان و سەر ڕێگاکاندان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕێکی وێرانکەر لە دژی کەرتی غەززە ئەنجام دەدات کە بووەتە هۆی کارەساتی مرۆیی و تەندروستی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ماڵەکانیان.

 

سەرچاوە پزیشکیەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، ٣٠  کوژراو و 50 بریندار گەیشتوونەتە کۆمەڵەی پزیشکی ناسر لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، لە کاتێکدا ئیسرائیل گەمارۆی ئەو نەخۆشخانەیە دەدات کە پێویستی بە پێداویستی پزیشکی و خۆراک و سوتەمەنی هەیە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر شار و شارۆچکەکانی کەناری ڕۆژئاوا، پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لە هەندێک شاردا ڕوویدا و ژمارەیەک بریندار بوون، هەروەها لە کامپی پەنابەرانی جێنین هەڵمەتێکی هێرش و گەڕان لە ماڵاندا دەستیپێکرد و ٨ هاوڵاتی مەدەنی دەستگیرکران و بووە هۆی وێرانکاری لە گەڕەکەکانی شارەکەدا.

 

میدیاکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ١٤ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە برینداربوون لە بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا، هەروەها بەهۆی بۆردومانەوە کامپێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ١٠ هەزار کەسی تێدایە، باڵەخانەیەکیش کە ٨٠٠ کەسی تێدایە ئاگری گرت.

لە بەیاننامەیەکدا نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە زیاتر لە ٦٢٥ هەزار خوێندکار لە غەززە لە خوێندن، ٧٥%ی باڵەخانەکانی خوێندنگەکان زیانیان بەرکەوتووە، دەبێت شەڕی دژی غەززە کۆتایی پێبێت و خوێندن بە سەلامەتی دەستپێبکرێتەوە.

 

هەروەها ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە ٢٥ هەزارو ٧٠٠ کەس، ٦٣ هەزارو ٧٤٠  کەسی دیکە برینداربوون.