ژنانی سوەیدا داوای نەهێشتنی دیاردەی ماددەی هۆشبەر دەکەن

دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدا لە سووریا بە مەبەستی داوای مافەکانیان و ئازادکردنی گیراوان و نەهێشتنی دیاردەی ماددەی هۆشبەر، ڕوویان لە گۆڕەپانی "کەرامەت" کرد و ئەو بۆردوومانەیان شەرمەزار کرد کە ماڵە مەدەنییەکانی کردە ئامانج.

ڕۆشیل جونیۆر

 

سوەیدا- بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی سوەیدا، دوێنێ لە گۆڕپانی کەرامەت گردبوونەوە و دووپاتیان کردەوە کە بۆردوومانەکەی سەر گوندی ئارمان تاوانێکی نوێیە کە منداڵی تیایدا بەرکەوت، ڕاشیانگەیاند،" داوای لێپرسینەوە لە تاوانباری ڕاستەقینە دەکەین".

 

خۆپیشاندەران داوای حکومەتێکی عەلمانییان کرد کە بە یاسا بەڕێوە ببرێت و بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت، لافیتەی پشتیوانی لە قوربانیانی تەقینەوەکەیان هەڵگرت و وێنەی ئەو دەستگیرکراوانەی کە بە زۆر لەناو زیندانەکانی حکومەتی دیمەشقدا بێسەروشوێن بوون بەرز کرایەوە.

 

تەغرید باست وتی: ئەوەی وای لێکردم سەردانی ناڕەزایەتییەکان بکەم، ئەوەیە کە بە سەدان زیندانی لەناو زیندانەکانی حکومەتی دیمەشقدا هەن، کە بەشێکی زۆریان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، ژنانی دووگیان لەناو ئەو زیندانانەدا منداڵیان بووە، تاوانی ئەم منداڵانە چییە تا لەناو زیندانەکەدا گەورە بن؟”، ئەمە تاوانێکە لێخۆشبوونی نییە، دەبێت حکومەت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوانی دووەم کە بەهۆی ڕژێمەوە ئەنجامدرا، بۆردوومانکردن بوو کە خانووەکانی گوندی ئارمانیان کردە ئامانج بە بیانووی بە ئامانجکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، بەڵام ئەم بەئامانجکردنە تاوانبارانی ڕاستەقینەی نەکردە ئامانج، بەڵکو خەڵکی مەدەنی بێتاوانی کردە ئامانج، چونکە تاوانبارانی ڕاستەقینە لەناو کۆشکەکاندان، نەک خەڵکی مەدەنی ناو گوندەکان.

 

مەها ئەترەش دووپاتی کردەوە کە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی و داواکارییەکانیان، "ئێمە لێرەین بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی ئەو دەستبەسەرکراوانەی کە لە پێناوی نیشتماندا گیانیان بەختکرد، داوا لە حکومەتی ئوردن دەکەین کە بەشداری گفتوگۆ بێت بۆ نەهێشتنی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان، دەبێت ڕێز لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ بگیرێت، بۆردوومانکردن چارەسەر نییە و نابێت ڕێگە بدەین "خوێنی خەڵکی بێتاوان لە پێناو تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکاندا بەفیڕۆدا".

 

سەمیحە مەعاز وتی: ئێمە ناڕەزایەتیمان ئەنجامدا چونکە گەلێکی ئازادین، ئەوەی وای لێکردین بێینە ئەم گۆڕەپانە، داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانە بوو کە داوای ئازادییان دەکرد، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ناڕەزایەتیانە تا هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن، ئەو بۆردوومانەی کە گوندی ئارمانی کردە ئامانج تەنها خەڵکی مەدەنی کردە ئامانج و تاوانباران نەبوو، کە ئەمە تاوانە و ئەنجام دەدرێت.