"بڕینی ئاو کاریگەری نەرێنی لەسەر کشتوکاڵ هەیە"

لەیلا سارۆخان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتیکردەوە کە دەوڵەتی تورکیا بە بڕینی ئاو بەروبوومی ٤ وەرز لەناو دەبات و داوای لە ڕای گشتی جیهانی کرد، دژایەتی ئەو کردە و تاوانانە بکات کە لە دژی سروشت ئەنجام دەدرێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕێژەی ئاوی ڕووباری فورات بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان واتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەم دەکاتەوە، بەمەش ڕۆژانە نەخۆشی و قەیرانەکانی کشتوکاڵ و تەندروستی لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت، زۆرێک لە وێستگەکانی ئاو لە هەرێم داخراون بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، زۆرترین زیان بەر جووتیاران کەوتووە و بەهۆیەوە بەرهەمی ٤ وەرزی ساڵ زیانی پێدەگات، بڕینی ئاو شەڕێکە دژی گەردوون، دەوڵەتی تورک لە لایەک ئاوی ڕووباری فورات کەم دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە ئاوی خابووری بڕیوە و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە دەکات.

 

بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی ١٩٨٧ لە نێوان تورکیا و عێراق و سووریا واژۆ کراوە، پێویستە تورکیا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەربداتەوە، بەڵام لە چرکەیەکدا ٢٠٠ مەتر سێجا ئاو دەردەدرێت، لەیلا سارۆخان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتی کردەوە کە دۆخی کشتوکاڵی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مەترسیدارە و وتی: کاتێک باس لە کشتوکاڵ دەکەین باس لە بەرهەمی ٤ وەرزی ساڵ دەکەین، دۆخی کشتوکاڵ لە مەترسیدایە و ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەرەو کارەسات دەڕۆین، چەند ساڵێکە وشکەساڵی بووە و لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورک ئاوی فوراتی کەم کردووەتەوە، بۆیە کاریگەری زۆری لەسەر بەروبوومی ٤ وەرزەکە و سروشت بەگشتی هەیە.

 

"دەوڵەتی تورکیا ڕێکەوتنی ساڵی ١٩٨٧ پێشێل دەکات"

لەیلا سارۆخان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە نێوان تورکیا و عێراق و سووریا واژۆ کراوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەبێت لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورکیا ڕێکەوتنەکە پێشێل دەکات و پشکی سووریاش نادات، بەهۆی ئەوەوە کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر کشتوکاڵ هەیە و زۆرێک لە کەناڵەکانی ئاو لە خزمەتگوزاری وەستاون، ئەگەر بڵێین پێویستە ڕوو لە بیر هەڵکەندن بکەین، ئەمە چارەسەر نییە چونکە ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەم بووەتەوە بەهۆی کەمی بارانەوە، هەمووان دەزانن ڕێڕەوی بیرەکانیش سنوورێکی هەیە، ئەگەر سنوورەکە تێپەڕێنرێت مەترسیدار دەبێت.

 

"خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە پەرە بە ئابووری خۆیان دەدەن"

لەیلا سارۆخان باسی لەوەکرد ملیۆنان کەس بژێوی ژیانیان لە کشتوکاڵەوە پەیدا دەکەن و لە کاتی قەیرانی سووریا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە یارمەتی دانیشتوانی ناوچەکە درا، بەڵام ئەمساڵ قەیرانێكی گەورەتر دەستی پێكرد، وتیشی: ناوچەی جزیرە بە پەرەپێدانی کشتوکاڵ، گەنم، باخی سەوزە، گەنمەشامی و هتد ناسراوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ کاتێک سەیری ڕووباری خابوور دەکەین دەبینین ڕووبارەکە بووەتە ڕێگایەک بۆ ئۆتۆمبێل و خەڵک، پێش ململانێکان هێڵی حەسەکە-تل تەمر بە سەوزایی و باخی سەوزە و میوەی گەورە ڕازابووەوە، بەڵام بەهۆی بڕینی ئاوی خابوور ڕێگاکە وشک بووەتەوە، دارەکان وشک بوون، باخچەکانیش کەمبوونەتەوە. لەوەتەی دەنگی خومخومی خابوور وەستاوە، تا ئێستا دۆخی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە لاواز بووە و بەرەو مەترسی دەڕوات. ئێستا هەموو بیرەکان کراوەن بەڵام ئاوەکەیان کەمی کردووە و ئەم کەمبوونەوەیەش ئاماژەیە بۆ مەترسی.

 

"ئامانج تێکدانی یەکڕیزی گەلان و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتە"

لە کۆتایی وتارەکەیدا لەیلا سارۆخان وتی: تەنها شتێک کە دەتوانین بیکەین پەیوەندیکردنە، ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا بێدەنگن، هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگییان دەگرین، بانگەوازی ئێمە بۆ گەلەکەمان ئەمەیە؛ کاتێک ئەم شتانەت بۆ دەکڕین، بۆ بازرگانی نایکڕین، بۆت دەکڕین. ئێمە بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕین. پێویستە گەلەکەمان دەستی بخاتە دەستمان بۆ ئەوەی بتوانین ئەم دۆخە نائاساییە تێپەڕێنین، چونکە لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەر یەکێتی و پڕۆژەکەمان و بڕینی ئاویش یەکێکە لە پلانەکانی شکستپێهێنانی پڕۆژەکەمان.