سەرەڕای پێشێلکارییەکان، ئەمساڵ ژنان بە بەرخۆدان دەستکەوتیان هەبوو

سەرەڕای ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ لە جیهاندا پێشێلکاری مافی مرۆڤ بە ڕوونی ئەنجامدرا، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ململانێی سیاسی ژیانی ملیۆنان کەسی خستە مەترسییەوە، بەڵام ژنان بە بەرخۆدانی دەستکەوتیان هەبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

مافی مرۆڤ لە جیهاندا ڕووبەڕووی پێشێلکردن بووەتەوە، سەرەڕای بەندەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام هەمیشە دەوڵەت و حکومەتەکان بەهۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسی، جەنگ، قەیرانی ئابووری و دۆخی کۆمەلایەتی هاوڵاتیانی خۆیان، بەتایبەت ژن و منداڵیان ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشە و هێرش کردووەتەوە، بە ملیۆنان کەس بەدەست شەڕ و ماڵوێرانی، ئاوارەیی، خراپی دۆخی ئابووری، برسێتی و سەرما و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە دەناڵێنن و ئەگەرچی چارەسەریان لەدەستی دەوڵەتاندایە، بەڵام بێدەنگن لێی.

 

سەرەڕای پێشێلکارییەکان جیهان ناتوانێت گوێ لە داواکارییەکانی ژنان دابخات و بە بەرخۆدانی تێکۆشانیان لە جیهاندا، ژنانی بەرخۆدێر توانیویانە تێکۆشانیان بڵند بکەن و داواکارییەکانیان لەلایەن دەوڵەتانەوە پەسەند بکرێت، سایتی فەرمی هیومان ڕایتس وۆچ بەشێک لەو دەستکەوتانەی بڵاوکردووەتەوە و دەنووسێت: ژنانی ئێران و ئەفغانستان بە دەربڕینی ناڕەزایەتییان بۆ ئازادییەکانیان دڵی خۆڕاگرییان نیشان دا، هەروەها سەرکەوتنی ژنانی کۆڵۆمبیا بۆ مافەکانی لەباربردن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە خۆشکردنی ڕێگایەک بۆ ژنانی داکۆکیکار لە وڵاتانی دیکە، چەند نمونەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ش بەمشێوەیە دەخاتەڕوو؛

 

کچانی خوێندکار پێشەنگایەتی خۆپیشاندان بۆ ئازادی دەکەن لە ئێران

ژنان و کچان پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکان دەکەن لە سەرانسەری ئێران و سەرپۆشەکانیان دەهەژێنن و جووڵێنن و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی!" دەڵێنەوە، ناڕەزایەتییەکانی ژنانی گەنج لە ناوەندەکەیاندا چیرۆکێکی ڕاستەقینەی ئازایەتییە.

 

چۆن کۆڵۆمبیا دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مافەکانی لەباربردن لە ئەمریکا

ڕەنگە دادگای باڵای ئەمریکا لە مانگی حوزەیران دۆسیەی ڕۆی و وەید هەڵوەشاندبێتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی لەوێ دەژین دەتوانن چاویان لە ژنانی کۆڵۆمبیا بێت و بیکەنە پاڵنەرێک بۆ خۆیان، چونکە لە کۆڵۆمبیادا سەرەتای ئەمساڵ مافی لەباربردنی منداڵی فراوانتر کرد.

 

کۆتایی بە هەنگاوی "تاقیکردنەوەی کچێنی" هێنرا لە ئەندەنوسیا

لە هەنگاوێکی گرینگدا، دواجار سوپای ئەندەنوسیا کۆتایی بە "تاقیکردنەوەی کچێنی" هێنا، کە وەک بەشێک لە پرۆسەی دامەزراندنی ژنان لە سوپادا ئەنجامدەدرا.

 

لە ئەفغانستان بەرخۆدان بە واتای ژن دێت

ڕۆژی مافی مرۆڤ لە ژنە ئازاکانی ئەفغانستان پیرۆز بێت کە لە بەرامبەر سەرکوتی تاڵیبان وەستاون و داوای دانپێدانان بە مافی خوێندن و کردنەوەی قوتابخانە ناوەندییەکانی کچان دەکەن، ئەوان داوای ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان دەکەن و داوای بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان دەکەن لە کۆمەڵگەدا.

 

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە سندوقی چارەسەرکردن دەکات بۆ کۆچبەرانی قەتەر

پێش بەڕێوەچوونی مۆندیالی ئەمساڵ لە قەتەر ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ تیشکیان خستەسەر ئەو کرێکارە کۆچبەرانەی کە لەکاتی دروستکردنی یاریگاکانی تایبەت بە مۆندیال بریندار بوون، حەقدەستەکانیان دزراوە، یان تەنانەت بە شێوەیەکی ناڕوون گیانیان لەدەستداوە، ئێستا پاڵپشتییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی کرێکاران و خێزانەکانیان، کە زیانیان بەرکەوتووە، زیادی کردووە.

 

سزای دادگایەکی ئەڵمانیا بەهۆی ئەشکەنجەدانی دەوڵەت لە سوریا

سزادانی ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگری سوریا بە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لەلایەن دادگای ئەڵمانیاوە دوایین هەنگاوی پێشکەوتوو بوو بەرەو دادپەروەری بۆ تاوانە قورسەکان لە سوریا، هەروەها ساتێکی دیکەی مانادار بوو بۆ ئەو مەدەنییانەی کە لە ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی لە زیندانەکانی سوریا ڕزگاریان بووە.

 

نەیجیریا ڕازی بوو بە کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکردنی سەربازی زۆرەملێی منداڵان

مژدەیەکی خۆش بۆ منداڵان: ڕێککەوتنی نەیجیریا بۆ گواستنەوەی هەزاران منداڵ لە ژێر چاودێری سەربازی و ڕزگاربوونیان، بڕگەیەکی گرنگە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەسەرکردنی سەربازی زۆرەملێ لەسەر منداڵان و دڵنیابوون لەوەی کە پشتگیری پێویست وەردەگرن.

 

سەرکەوتنی گەورە لە هەڵمەتی کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە کەنەدا

هەڵمەتێکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی زیندانەکانی پارێزگاکان بۆ دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە کەنەدا، ئەنجامگیر دەبێت، ئێستا لە چوار پارێزگادا گرێبەستی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لەگەڵ حکومەتدا هەڵوەشاوەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە کەنەدا یەکجارەکی و بۆ هەمیشە کۆتایی بەم پراکتیزە وێرانکەرە بهێنێت.

 

سەرچاوە: هیومان ڕایتس وۆچ