لە کۆی ١٠٠ ملیار نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بۆ قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا دابینکراوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاماژەی بەوەدا پێویستە ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی لە ساڵانی داهاتوودا باشتر بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیمی پۆپ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بۆ بەڕێوەبردن و چاکسازی ڕایگەیاند کە ڕێکخراوەکە ڕۆژانە چاودێری کاریگەری ڕاستەوخۆی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر خەڵک دەکات، خستیەڕوو کە قەیرانی کەشوهەوا خەریکە خەڵک لە ماڵەکانیان ئاوارە دەکات و بێبەشیان دەکات لە توانای پێویستی بژێوی ژیان.

 

ئیمی پۆپ ڕوونیکردەوە کە خۆگونجاندن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە پێویستییەک، بۆ ساڵانی داهاتوو پێویستە زیاتر خۆئامادەکردن هەبێت، پێویستە ڕێکخراوەکان پلان بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەشەپێدان دابنێن، ڕێکخراوەکەی خۆشیان چاودێری گۆڕانی کەشوهەوا دەکات لە وڵاتە زیانلێکەوتووەکان.

 

ئیمی ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڵێنی داوە ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار وەک بودجە دابین بکات، بەڵام بەو ئامانجە نەگەیشتووە، چونکە ئەو پارەیەی کە بۆ چارەسەرکردن و گونجان لەگەڵ کێشەکانی کەشوهەوا دابینکراوە نزیکەی ٢٠ ملیار کەمترە لەوەی کە پێویستە.

 

ناوبراو جەختی لە پێویستی دەستەبەرکردنی سەرچاوەی زیاتر و چارەسەری دارایی بەردەوام بۆ وڵاتانی زیانلێکەوتوو کردەوە.