بێسەروشوێن بوونی چالاکوانان گڕی ناڕەزایەتییەکان دانامرکێنێ

ئەگەرچی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەستی بە ڕەشبگیری و دەستگیرکردن و بێسەروشوێن کردنی خۆپیشاندان کردووە، بەڵام گڕی ناڕەزایەتییەکان دانامرکێتەوە و لە زیندانەوە مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٥ مانگ بەسەر ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران و بەردەوامیی دەستگیرکردنەکان، هێشتا هیچ هەواڵێک لەبارەی بارودۆخی هەندێک لە خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراوەوە نییە.

 

ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارە و زیندانی کردن دەسەپێنێت بەسەر چالاکوان، ناڕازی، گەنجان و ڕۆژنامەنووساندا، بەرامبەردا، بۆ دژایەتی کردنی هەڵوێست و کردەوەکانی ڕژێمی ئێران و دەزگا ئەمنییەکانی سەرەڕای بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شەقامدا، لە زیندانەکانیشدا مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت.

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، نیگار عەزیمیی ٢٤ ساڵ، نیگارکێشی دیجیتاڵی کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخی ناوبراوەوە نییە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان دایک و باوکی نیگار گیانیان لەدەستداوە و تەنانەت کاتێک کەسوکارەکەی دێنە لای، وەڵامیان نادرێتەوە و ڕێگە لە دەستگەشتن بە دەرمان و پێداویستییەکانیشی دەگیرێت.

 

 

فەرزانە سەیدی، خوێندکاری خەڵکی ئیلام، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش یەک مانگ بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، هەروەها لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بە ٢ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو و غەرامەکردنی ٢٥ ملیۆن تمەن سزای بەسەردا سەپێندرا، هەروەها سزای ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات و هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکەی بۆ جێبەجێ کراوە.

 

فەرزانە سەیدی پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلاب و دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری ئیلام بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوانێک لە دژی ئەمنیەتی ناوخۆیی/دەرەوە"، "پڕوپاگەندە دژی سیستم" بە ٤ ساڵ و ٣ مانگ زیندان سزادرابوو، بە تۆمەتی "تێکدانی باری گشتی" سزای ٢ ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات و هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتی بەسەردا سەپێندرا.

 

نیلوفەر حەمیدی، ڕۆژنامەنووسێکی دەستبەسەرکراو کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی جەماوەریی "ژن، ژیان، ئازادی"ەوە دەستبەسەرە، لە پەیامێکی دەنگیدا کە لەلایەن محەمەد حسێن ئەجەرلوی هاوژینییەوە بڵاوکراوەتەوە، داوای کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردنی فەرهاد مەیتەمی دەکات و لە زیندانی ئەڤینەوە دەڵێت: لە بەیانی ئەمڕۆوە کە زانیاریم لەسەر تێکچوونی باری جەستەیی ئێوە زانی، ئەم چالاکییانە مانای ڕاستەقینەی زیندانیان وەرگرتووە، جارێکی تر جەستەت خستووەتە بەر بەرگری لە خوێندنی بەکۆمەڵ، ئە هۆشیار و ئاگادارانەیە، بەڵام داواکاری ئەم خوشکە کەمترین داواکارییە بۆ کۆتاییهێنان بەو مانگرتنە ڕەوایەی کە ژیانی ئێوەی خستووەتە مەترسییەوە، لە دوای لافاوی زەبەلاحی ڕووداوەکان، لەم چاڵە شەرمەزارییەوە لەسەر بەربەستی بەیانی وەستاوین، شان بە شانی ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسی ئاهەنگ بگێڕین.

 

پێویستە بگوترێ فەرهاد مەیتەمی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨دا لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن بریکارەکانی وەزارەتی ڕاگەیاندن دەستگیرکرا و دوای گەڕان بە ماڵی فەرهاد مەیتەمیدا هەندێک بەڵگەی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی حیجابی زۆرەملێ دەستی بەسەرداگیرا.

 

خەدیجە مەهدیپوور، زیندانی سیاسی لە زیندانی ئیلام لە ڕێگەی هاوڕێکانییەوە ڕایگەیاند کە ماوەی ساڵێکە لە بەندی ژنانی زیندانی ئیلام مافی خواردنی لێ زەوت کراوە. هەروەها خەدیجە کە تاکە زیندانی سیاسی ئەم بەندییە، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە تاوانی گشتی، لەوانەش ئەوانەی تۆمەتبارن بە کوشتن، پێکەوە دەهێڵرێتەوە.

 

سەبارەت بە خۆراکی زیندان خەدیجە دەڵێت: "دۆخی خۆراکی هێندە کارەساتە کە وەڵامی ئەفسەرانی زیندان لە وەڵامی داواکاریی زیندانیان بۆ خواردنی گەرم ئەوە بوو: بڕۆنەوە ماڵەوە و خواردنی باش بخۆن"، هاوکات خەدیجە لەناو ٨ بەندکراوی زیندانی ژنانی ئیلام تاکە زیندانی سیاسییە.