"کەوتنی شلێر، کەوتن و لەناوچوونی کۆمەڵگەیەکە"

سەندیکای مامۆستایانی سنە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خستیانەڕوو تەنها ڕێگەی ڕاگرتنی کوشتنی ژنان بە پێداچوونەوە و چاکسازی لە میکانیزمە یاساییەکان و ئابووری و کۆمەڵایەتی باو دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

 سەندیکای مامۆستایانی سنە بەیاننامەیەکیان لەبارەی گیانلەدەستدانی شلێر ڕەسوڵی، کە لە چنگی دەستدرێژی سێکسی پیاوان خۆی لە نهۆمی دووەمی ماڵی دراوسێکەیانەوە فڕێدایە خوارەوە، بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی کوشتنی شلێر ڕەسوڵی و هەزاران ژنی دیکەی گیرۆدەی دەستی توندوتیژی و دەستدرێژی، ئەو پێکهاتە سیاسی-ئابوورییە وێرانکەرانەیە کە پیاوسالاری و شۆڤێنیزم بەرەوپێشی دەبەن، سەرکوتکردن، پەراوێزخستن، بێدەسەڵاتکردنی ژنان یەکێکە لە میکانیزمی جێبەجێکردنەکان.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ژنکوژی لە هەزاران شار و گوند بووەتە هەواڵێکی دووبارەبووەوە. شلێر ڕەسوڵی هیچ ئامرازێکی دیکەی نەبوو بۆ بەرگریکردن لە هێرشەکە، جگە لە فڕێدانی خۆی لە پەنجەرەوە، کەوتنی شلێر ڕەسوڵی لە پەنجەرەوە لە هەمان کاتدا کەوتن و لەناوچوونی کۆمەڵگەیەکە کە ناتوانێت یان نایەوێت چارەسەرێک بۆ زنجیرە بێکۆتایی ژنکوژی بدۆزێتەوە.

 

هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە، کۆمەڵگەیەک کە لەبری بیرکردنەوە لە چارەسەرێکی ڕاستەقینە، لە میکانیزمێکی دەروونی سەیردا، لەم کارەدا نموونەی ئەم دواییە، پاڵەوانێک لە قوربانییەکە دروستدەکات و بە ناونیشانی وەک "شەهید پاکدامانی" بە تەواوی ترسناکیی ئەم کارەساتە لە مێشکی خەڵک لادەبات.