ڕۆژنامەنووسانی ئازاد: بەهۆی خستەڕووی ڕاستییەکان گوڵستان و هێرۆ کرانە ئامانج

خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بە چالاکییەک لەبەردەم کۆنسوڵخانەی عێراق لە بروکسل هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، ڕۆژنامەنووسان گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین بەهۆی ئاشکراکردنی هاوپەیمانی و تاوانە چەپەڵەکانەوە بە ئامانج گیران.

ناوەندی هەواڵ

 

خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بە چالاکییەک لەبەردەم کۆنسوڵخانەی عێراق لە بروکسل هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد و هەریەک لەسەندیکای ژنانی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان-ڕۆژین و دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بە چەند زمانێک خوێندەوە، بانگەوازیان لە حکومەتی عێراق کرد سەلامەتی و گیانی ڕۆژنامەنووسان بپارێن و بکوژی ڕۆژنامەنووسان سزابدرێن.

 

ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی بەلژیکا پشتگیری چالاکییەکە کرد، هەروەها خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپاوە بەشداری چالاکییەکەیان کرد و پانکارتی “ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە! گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە درۆنی تورک لە سلێمانی کوژران”یان هەڵگرت و وێنەی ڕۆژنامەنووسە گیان بەختکردووەکان هەڵگیرا و ڕاگەیاندراوەکە بە زاراوەکانی کورمانجی و سۆرانی و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خوێنرایەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە بە هۆی فراوانبوونی سیاسەتی شەڕەوە، کۆمەڵگاکان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و وەرگرتنی هەواڵ هەیە, هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش فشارەکانی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان لەسەر ڕاگەیاندنەکان زیاتر دەبن. بەپێی داتا و ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، زۆرێک لە حکومەتەکانی وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی سیاسەتەکانی فشار و گرتن، ڕاگرتن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسانەوە، ڕێگری لە مافی وەرگرتنی زانیاری کۆمەڵگا دەکەن.

 

دەوڵەتی تورکیش یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە فشار دەخاتە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستگیریان دەکات و ڕێگری لە ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات، لەو چوارچیوەیەشدا تاوانێکی نوێی بۆ تاوانەکانی دیکەی زیاد کرد.

 

ئەوەش هاتبوو تێیدا، لە رابردووە تا ئێستا، هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان وەک فشار، ئەشکەنجە، گرتن و کۆمەڵکوژکردنیان هاوکات لەگەڵ ئەو قۆناغانەی کە سیاسەتی جەنگ زیادی کردووە، گیراوەتە بەر. بەهۆی سیاسەتی جەنگەوە، ڕۆژنامەنووسان لە زۆرێک لە ناوەندەکانی جیهان دەکرێنە ئامانج. ئەو ڕژێمانەی دەیانەوێت تاوانەکانیان بشارنەوە و ڕاستییەکان بشێوێنن، پەرە دەدەن بەسیاسەتی توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنووسان.

 

ئاماژەیان بەوەشدا، ڕۆژنامەنووسان گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین بەهۆی ئاشکراکردنی ئەو هاوپەیمانی و تاوانە چەپەڵانەی کە لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە کورد هەن و دەکرێن، کرانە ئامانج و کوژران، سیاسەتەکانی شەڕ و فراوانبوونی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان وێرای کوشتنی ڕۆژنامەوانان، دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل، چۆڵکردنی گوندەکان، سووتانی دارستانەکان و قەیرانی ئابووریی. بەئامانجگرنتنی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە کە ڕووماڵی ئەم ڕاستییە دەکەن، پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانەیە.

 

وەک ڕۆژین و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کورد جەختیان کردەوە، "ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەموو مەترسی و هەڕەشەکان دەبنەوە بۆ سەر ژیانی خۆیان بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە کۆمەڵگە ڕابگەیەنن. ڕوونە کە فشار، کوشتن و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستگیرکردنیان بەو ئەنجامە ناگات کە نەیارانی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری ڕاست دەیانەوێت. ئێمە دەمانەوێت لە بری بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان، کۆتایی بە سیاسەتی جەنگ بهێنرێت".

 

لە کۆتاییدا تێیدا هاتبوو، "بانگەوازی ئێمە بۆ ڕای گشتیی ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان بە تەنیا بەجێنەهێڵدرێن و خاوەنداری لە مافی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری بکرێت، هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، کە بزانن هەموو ڕۆژنامەنووسێکی کوژراو زمان و دەنگی ئەوانە، دەبێت خاوەنداری لە ڕۆژنامەنووسان بکەن".