ڕاپۆرتی مەکەگە: پێنج ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا "مەکەگە" لە ڕاپۆرتی مانگی ئاداردا، ئاشکرای کردووە پێشێلکارییە جۆرارجۆرەکان بەرانبەر ڕۆژنامەوانان لە تورکیا بەردەوامە و پێنج ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا "مەکەگە" کە وەک ناوەندێکی ڕۆژنامەنووسی لە باکووری کورستان و تورکیا کاردەکات، ڕاپۆرتی مانگی ئاداری پێشێلکارییەکانی بەرانبەر بە دەزگا میدیاییە جۆرارجۆرەکان و ڕۆژنامەوانان بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی ئاداردا لە باکووری کوردستان و تورکیا، پێشلکارییەکان لە زیندانیکردن، دەستبەسەرکردن، هەڕەشە، لێپرسینەوە، ڕێگرییە مەیدانییەکان و سانسۆر لەسەر پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارییەوە، بەردەوامە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا وردەکاری پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:

- ڕۆژنامەوانێک ڕاگیراوە، ڕۆژنامەنووسێک هەڕەشەی لێکراوە.، لێپێچینەوە لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووس کراوە.

-دوو ڕۆژنامەنووس دۆسییەی لێپێچینەوەیان بەرانبەر کراوە و دوو ڕۆژنامەنووس سزادراون.

- دادگاییکردنی حەوت ڕۆژنامەنووسبەردەوامە و تا ئێستاش پێنج ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.

- ماڵپەڕێک و ٤١ هەژماری دیجیتاڵ میدیا داخران، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە ١٣ پلاتفۆرمی دیجیتاڵ میدیا ڕێگری لێکراوە.