دەزگای ژنانی مەخموور٤ی نیسانی پیرۆز کرد
دەزگای شەهید شەڤین مەخموور بە بۆنەی ١٨یەمین فێستیڤاڵی ٤ی نیسان، چالاکییەکی فڕینی کۆلارەی بۆ منداڵانی کامپی پەنابەرانی مەخموور ڕێکخست.
مەخموور
لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، دەزگای شەهید شەڤین، بە بۆنەی ١٨یەمین فێستیڤاڵی ٤ی نیسان، فڕینی کۆلارەی پەپوولەیی بۆ منداڵانی مەخموور ڕێکخست، ئەم چالاکییە بە بەشداریی بنەماڵەی منداڵان و مامۆستایانی دەزگای شەهید شەڤین بەڕێوەچوو.
پێش دەستپێکردنی چالاکییەکە، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان بەڕێوەچوو، دواتر سێڤێ یوکسەک بەناوی مامۆستای دەزگای شەهید شەڤین قسەی کرد.
‘ئەم ڕۆژە ڕۆژی ڕووناکییە بۆ منداڵەکانمان و مرۆڤایەتی’
لە سەرەتای قسەکانیدا سێڤێ یوکسەک پیرۆزبایی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لە هەموو گەلی کورد کردو وتی: ئەم ڕۆژە ڕووناکی گەلی کوردە، ڕۆژی ڕووناکییە بۆ منداڵەکانمان و مرۆڤایەتی، ٤ی نیسان بۆ ئێمە هەموو شتێک واتایە، هەروەها بە بۆنەی فێستیڤاڵی ٤ی نیسان لە مەخموور بۆنەیەکی فڕینی کۆلارەی پەپوولەمان ڕێکخستووە و دەمانەوێت ئەم خۆشییە لەگەڵ خوێنەرانماندا بەشی بکەین.
دوای قسەکانی مامۆستا سێڤێ، منداڵەکان لەگەڵ خێزان و مامۆستاکانیان کۆلارەیان هەڵکرد.