٣٢ ژنی سعودی بۆ شۆفێری شەمەندەفەری ئێکسپرێس دەرچوون

کۆمپانیای شەمەندەفەری سعوودی بە ناوی "سار" ئاهەنگێکی بۆ دەرچوونی ٣٢ ژنی سعودیی ڕێکخست، کە یەکەم دەستەی شۆفێری ژنی شەمەندەفەری ئێکسپرێس لەخۆدەگرێت، کە خێراترین شەمەندەفەرەکانی جیهان لێدەخوڕن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمپانیای شەمەندەفەری سعوودی "سار" لە ئەکاونتی فەرمی سار لە تویتەر ڤیدیۆی بەشێک لە خولی مەشقی ژنانی بڵاوکردەوە، کە مەشقپێکراون بۆ لێخوڕینی شەمەندەفەر.

 

ژنانی دەرچووی خولەکە کەیف خۆشی خۆیان دەربڕی و شانازی دەکەن بەوەی کە ئەم دەرفەتەیان هەیە، بۆ ئەوەی ببنە یەکەم شۆفێری شەمەندەفەری ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

یەکێک لەو ژنانە بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەداوە، مەشقیان پێکراوە بۆ لێخوڕینی شەمەندەفەری "حەرامین ئێکسپرێس" بە بەکارهێنانی سیمیتریک، چونکە کابینێکی لێخوڕینی ڕاستەقینە لەخۆدەگرێت، لەو ڕێگەیەوە هەموو فاکتەرەکانی کەشوهەوا و کێشەی تەکنیکی کە لەکاتی لێخوڕینی شەمەندەفەرەکە لەخۆدەگرێت، تێیدا بەرجەستە کراوە.

 

ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ژنانی سعودیە تا ببنە شۆفێری شەمەندەفەری "حەرامین ئێکسپرێس" بەشێکە لە دەستکەوتەکانی ژنانی سعودییە کە بە تێکۆشان لەو وڵاتە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی پێشەنگایەتی و تێکۆشانی ژنانەوە ڕوویدا، بەدەستیان هێناوە.