"ئیرادەی ئێمە لە هێرشی داگیرکەران گەورەترە"

دوێنێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە چەکی سوپای تورکیای داگیرکەر هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە نزیک ڕێگەی جدال لە شەنگال، لە دژی هێرشەکە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە گۆڕستانی شەهیدان دڵگەش و بەرخۆدان ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

شەنگال

 

دوێنێ، ٢٨ی تشرینی یەکەم، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە چەکی سوپای تورکیای داگیرکەر هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە نزیک ڕێگەی جدال لە شەنگال و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ،  لە گۆڕستانی شەهیدان دڵگەش و بەرخۆدان ڕاگەیەندراوێکیان و ئاماژەیان بەوەدا، کۆمەڵگەی ئێزدی هەمیشە بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆ پاراستنی بەهاکان و تا کۆتایی خاوەنداری لە خاکەکەیان دەکەن.

 

"بە داعش نەیانتوانی ئێمە تێکبشکێنن ئێستا دەیانەوێت بە هێرشکردن بەردەوامبن"

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن نەعەم ئیلیاس، ئەندامی تاژێ خوێندرایەوە و وتی: ئێمەی ژنانی ئێزدی کە تا ئەمڕۆ فەرمانمان لەسەرە، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهیدان کۆبووینەتەوە و ئیدانەی هێرشی دوژمنان دەکەین، ئەوان نەیانتوانی بە چەتەکانی داعش لەناومان ببەن، بۆیە دەیانەوێت هەموو ڕۆژێک بە فڕۆکە لەناومان ببەن، لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ جیهان چاوی لە دوژمنەکانمان داخست و فەرمانەکە لەسەر ئێمە جێبجەێکرا، ئەمڕۆش لە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیست و بکوژی تورکیا بێدەنگ و بێئاگان، بەڵام وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و وەک دایکانی شەنگال، لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا خۆڕاگری دەکەین، چونکە ئیرادەی ئێمە لە هەموو هێرشەکانیان گەورەترە، ئەمڕۆ حکومەتی نوێی عێراق دامەزرا و دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەمڕۆ جارێکی تر هێرشی کردە سەرمان.

 

"ئێمە کۆیلایەتی لەسەر خۆمان و کۆمەڵگەکەمان قبوڵ ناکەین"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، هەرچییەک بکەن ئێمە دەستبەرداری خاکی شەنگال نابین ئەگەر تەنیا یەک ژن مابێت ئێمە نیشتمانمان جێناهێڵین، ئێمەی ژنانی شەنگال چیتر ژنی پێشوو نین و بە هیچ شێوەیەک کۆیلایەتی بۆ خۆمان و کۆمەڵگەکەمان قبوڵ ناکەین.

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا، ژنانی ئێزدی بێدەنگی جیهان و حکومەتی عێراقیان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵسەنگاند و وتیان: "ئێمە وەک ژنانی ئێزدی بێدەنگی حکومەتی عێراق شەرمەزار دەکەین، هەرکاتێک دەوڵەتی تورک بیەوێت خاکەکەمان و منداڵەکانمان تۆپباران دەکات، چەکی کیمیاییش لە دژی ئێمە بەکاردێنێت لە ئەنجامدا ئیتر ویژدانی جیهان دژی کۆمەڵگەی ئێمە و گەلی کورد نییە و حکومەتی عێراق بەم بێدەنگییە دەرگای هەموو هێرشەکانی سەر دەوڵەتی تورک دەکاتەوە".

 

ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شەنگال" "بەرخۆدان ژیانە" کۆتایی هات.