"تاڵیبان ناتوانێت زمانی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت"

لە وەڵامی قسەکانی نوروڵا مونیردا، ژنانی ئەفغانستان وێڕای پشتیوانیکردن لە کردنەوەی قوتابخانەی کچان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: تاڵیبان ناتوانێت بە زمانی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆی قسە بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی ڕەخشانە، دوێنێ، ١١ی ئەیلول، لە وەڵامی قسەکانی نوروڵڵا مونیر، وەزیری پەروەردەی تاڵیبان بە وەکالەت، کە ڕایگەیاندووە، "خەڵک پێیان خۆش نییە کچەکانیان بچنە قوتابخانە لە دۆخی ئێستادا"، کۆمەڵێک ژنی ئەفغانی لە کابول وتیان: تاڵیبان ناتوانێت قسەی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

 

ئەم ژنانە کە لەژێر ناوی "گروپی هاوپشتی ژنانی ئەفغانستان" کاردەکەن، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، وێڕای ئاماژەدان بە قسەکانی وەزیری پەروەردەی تاڵیبان بە وەکالەت، ئاماژەیان بەوەشدا، "خەڵکی ئەفغانستان، چ ژن و چ پیاو، هەموویان لەگەڵ ئەوەدان کە دەرگای قوتابخانەکان بۆ کچان بکرێتەوە و قسەکانی ئەم بەرپرسەی تاڵیبان دژی واقیعی کۆمەڵگایە".

 

هەروەها بە نوسراو پشتگیری لە خوێندکارانی پاکتیایان کرد و داوایان لە تاڵیبان کرد یاری بە چارەنووسی کچان نەکات.

 

وەزیری پەروەردەی تاڵیبان بە وەکالەت لەکاتی سەردانکردنی ئارزگان لە باشووری ئەفغانستان، لە وەڵامی چارەنووسی قوتابخانەکانی کچاندا وتی: ئەم قوتابخانانە بەهۆی کێشەی ڕۆشنبیرییەوە دادەخرێن، ئەگەر پرسیار لە گەورەکان و پیرەکان بکرێت کە لەسەدا چەندیان رازین کچە ١٦-١٧ ساڵەکانیان بچنە قوتابخانە، ئەوا پێویست ناکات پرسیار بکرێت کەی قوتابخانەکانی کچان دەکرێنەوە".

 

جێی ئاماژەیە، قوتابخانەکانی پاکتیا لەلایەن گەورەکانی ناوچەکەوە بۆ ماوەیەکی کورت بۆ کچانی پۆلی شەشەم و سەرووتر کرانەوە، بەڵام تاڵیبان دوای دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان جارێکی دیکە ئەو قوتابخانانەیان داخستەوە. وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم کارەی تاڵیبان، خوێندکارانی پاکتیا گردبوونەوە و ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی تاڵیبان بوونەتەوە.