دەوڵەتی تورکیا لە دادگاییکردندایە: دادگای گەلی ڕۆژئاوا دەستیپێکرد
دادگای گەلی ڕۆژئاوا، کە دەوڵەتی تورکیا بە تاوانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادگایی دەکات، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستیپێکرد.
ناوەندی هەواڵ
دادگای گەلی ڕۆژئاوا، کە دەوڵەتی تورکیا بە تاوانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادگایی دەکات، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستیپێکردو لە زانکۆی لیبرێ دی بروکسل (زانکۆی ئازادی برۆکسل - ULB) بەڕێوەدەچێت.
پارێزەران، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، قوربانیانی هێرش و شایەتحاڵانی وڵاتانی جیاواز ئامادەبوون، داوا لە دەوڵەتی تورکیا کرا بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نوێنەری دەوڵەتی تورکیا بەشداری نەکرد، دادگاییکردنەکە بە غیابی بەڕێوەدەچێت.
وتاری کردنەوەی دادگاکە لەلایەن بیاسینتۆ بیسۆگنی پێشکەشکرا. بیاسینتۆ بیسۆگنی وتی: بۆ ئەم دادگاییکردنە گرنگە کۆبوینەتەوە و دادگاییکردنەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ئێمە بە پاڵپشتی زانکۆی ئازادی برۆکسل ئەم دادگاییکردنە ڕێکدەخەین، لێرەین بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا ئەو شوێنەیە کە ئازادی و دیموکراسی ژنانی تێدا بونیاد دەنرێت؛ بۆیە دەبێت پارێزراو بێت. بەخێرهاتنتان دەکەین.
دادگاکە تاوتوێی ئەو تاوانانە دەکات کە بریتین لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداران، هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووری، ئەشکەنجەدان، کردەوەی نامرۆڤانە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو.
دادگاییکردنەکە لەلایەن کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کۆمەڵێک پارێزەر کە چاودێری تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، ناوەندی پاراستن و لێکۆڵینەوە لە مافەکانی ژنان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ULB، MAF-DAD (کۆمەڵەی نێودەوڵەتی یاسا و دیموکراسی)، ELDH (کۆمەڵەی پارێزەرانی دیموکراسی ئەوروپی)، IADL (کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزەرانی دیموکرات)، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و پەیمانگای کورد لە برۆکسل پاڵپشتی چالاکییەکە دەکەن.