"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە هێرش گەل بترسێنێت"
ژنانی شاری کۆبانێ ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە هێرش گەل بترسێنێت و وتیان: ئیرادەمان لە بەرامبەر هێرشەکاندا بەهێزە، هەرگیز دەستبەرداری خاکەکەمان نابین و هەمیشە لەسەر خاکی خۆمان دەبین.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250210-jpgee0adf-image.jpg)
ئێلڤین محەمەد
کۆبانێ-هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تا دێت زیاتر دەبێت، دەوڵەتی تورکیا تادێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و هەوڵ دەدات خەڵک لە ماڵەکانیان ئاوارە بکات.
ئەو ژنانەی لە دامودەزگاکاندا کاردەکەن، هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەو هێرشانە دەربڕی، بێریڤان محەمەد کە لە ئۆفیسی پاراستنی منداڵان کاردەکات، ڕایگەیاند کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە تۆڵەی داعش لە کۆبانێ بکاتەوەو وتی: ئێستا ١٠ ساڵ بەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ تێپەڕیوە، ئەم بەرخۆدانەش بوو بە نموونە بۆ هەموو جیهان، دەنگێک بۆ جیهان بەگشتی، مێژوو لە دژی چەتەکانی داعش نووسرا کە هیچ یاسایەک نازانن و هیچ پێوەرێکی ڕەوشتییان نییە، لە ساڵی ٢٠١٤ داعش لە کۆبانێ شکستی هێنا، داعش بە هەموو سەرچاوەکانیەوە، چ ماددی و چ سەربازی، دژی کۆبانێ شەڕی کرد، بەڵام هێشتا شکستی هێنا، دەوڵەتی تورک دەیەوێت تۆڵەی داعش لە کۆبانێ بکاتەوەو بۆ ئەمەش هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژی و هێرش دەکرێتە سەر گەلەکەمان کە لە بەنداوی تشرین بەرخۆدان دەکەن بۆ پاراستنی ئاو و زەوی و بەنداوەکەیان، دەیەوێت بە هێرشەکانی خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج لە پێناو لەناوبردنی گەلی کورد.
"ئەوان دەیانەوێت گەل بترسێنن"
بێریڤان محەمەد ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەم هێرش و کۆمەڵکوژییانە گەل بترسێنێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورکیا ئامانجی ترساندنی گەلە، بە فڕۆکە و تۆپ و چەکەکانی هێرش دەکاتە سەر گەل و دەیەوێت لەناویان ببات، بەڵام ئێمە دەڵێین ئێمە گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری خاکەکەمان نابین و هەمیشە لەسەر خاکی خۆمان دەبین، ئیرادەمان بەهێزە، هەرگیز شکست ناهێنێت و ناشکێت، ئێمە بەڵێنمان داوە کە خۆمان بەڕێوە دەبەین و بەو سیستمەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆی ڕوون کردوینەتەوە خۆمان بەڕێوە دەبەین.
"جارێکی تر شەڕڤانەکانمان هێزی خۆیان نیشان دا"
خوناڤ بۆزان، لە بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگەی پاراستنی منداڵ، ڕایگەیاند، لە سەرەتای شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی ڕاناگرێت، و دەیەوێت شۆڕشەکە لەناوببات، وتی: لە سەرەتای شۆڕشەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا بۆ ساتێکیش هێرشەکانی بۆ سەر گەل ڕانەگرتووە، هەمیشە هێرش دەکاتە سەر گەل، نە یاساکانی شەڕ دەزانێت و نە دەزانێت چۆن ڕێگری لێبکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕۆژانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمەڵکوژی و کوشتنی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات، زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنین، لەناویاندا منداڵ هەن.
"منداڵان لە بازاڕی سیرین کوژران"
خوناڤ بۆزان باسی لەوەش کرد کە ئەم کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەر بە گەل ئەنجام دەدرێن لە بەر چاوی هەموو جیهان ڕوودەدەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە شاری سیرین، لە ناوەندی بازاڕی سیرین، ئەو منداڵانەی کە لە بازاڕدا سەوزە دەفرۆشن و بژێوی ژیانیان دابین دەکرد، لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج، خەڵکێکی زۆر بە منداڵانیشەوە کوژران، لە عەین عیسا، دەوڵەتی تورکیا خێزانێکی کردە ئامانج لە ئەنجامدا ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لە هەندێک ناوچەی دیکەش کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی ڕوویدا و خەڵکێکی زۆریش گیانیان لەدەستدام لە گوندی ئاشمە نزیک شاری کۆبانێ، ئەو خێزانانەی کە کۆبوونەتەوە، شەوانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کرایە سەر، ٧ کەس گیانیان لەدەستدا کە منداڵیشیان تێدابوو، ئایا ئەو دەوڵەتە نێودەوڵەتیانەی مافی منداڵان دەپارێزن نازانن کە منداڵانی کورد مافی ئەوەیان هەیە وەک هەموو منداڵانی دیکە بژین و بە سەلامەتی و ئارامی لەسەر خاکی خۆیان بژین؟.