دەوڵەتی تورک باشوورو ڕۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کرد
ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک سنووری هەولێری لە باشووری کوردستان و کۆبانێی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد.
ناوەندی هەواڵ
هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامی هەیەو بەردەوامە لە بۆردومان کردنی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، کە مەبەست لێی داگیرکردنی خاک و کۆمەڵکوژی گەلی کوردە.
ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری شارەدێی قەسرێی لە شارۆچکەی چۆمانی سەربە ئیدارەی سۆران لە پارێزگای هەولێر کرد.
بەپێی زانیارییەکان بۆردوومانی چیای کۆڵیتاریان کراوە، تا ئێستا وردەکاری زیانەکانی بۆردوومانەکە نەزاندراوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئانها سەبارەت بە بۆردوومانکردنی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بڵاویکردەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکهەڵگر گوندەکانی کۆشکار و مەتینی لە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانێی بۆردوومانکرد.
ئاماژە بەوەکراوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوچەی نێوان هەردوو گوندی گیرک و شاشی بۆردوومانکرد.
بەپێی زانیارییەکان، سێ جار گوندەکانی کۆبانێ بۆردومان کراوەو لەبارەی بۆردوومانەکەوە زانیاری زیاتر نەخراوەتە ڕوو.