دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی سەر ژێرخانی ئابوری ژیانی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج

هێرشەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورک زۆربەی ژێرخانی هەرێمیان کردە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشە داگیرکارییانە زۆرینەی نەوت و گاز و کارەبا و عەمبارەکانی گەنم و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان تێکشکێندران.

ڕۆژ هۆزان- عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- لە سوریا دەوڵەمەندترین ناوچە کە شوێنی نەوت و گەنمی هەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە ئەم هەرێمە ساڵانێکە لە ڕووی بژێوییەوە بە بەرهەمی خۆی پێویستیەکانی ناوچەکە و تەواوی سووریای تێدا دابین دەکات، لەگەڵ قەیرانی سوریادا وێستگە نەوتییەکان و شوێنەستراتیژییەکان لەلایەن چەندین هێزی چەکدار و دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیەوە کرایە ئامانج، هەموو هێزێک دەیویست خۆی لە سوریا دابمەزرێنێت و کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ژێرخانی خەڵکی ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەم ئامانجانە زیاتر پەرەیان پێدرا لە ڕێگەی شەڕی سیاسی و چەکدارییەوە کە هەر هێزێکی چەکداری یان دەوڵەتی هەژموونی ویستی پشکی لە سووریادا هەبێت، هەروەها یەکەم دەوڵەت بوو کە دەستکەوت و دزینی کرێکاران و خاکی ئەو خەڵکەی لە سوریا بەدەستهێناوە، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر سوریا بە تایبەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمجارە هێرشی دەوڵەتی تورک جیاواز بوو هەموو شوێنەکانی ژێرخان کرانە ئامانج و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، لەم ڕاپۆرتەدا سەرنج لەسەر ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ بەئامانجگرتنی شوێنەکانی ژێرخان و ئەو زیانانەی کە بەریکەوتووە ڕووندەکەینەوە.

 

ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا چین؟

لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانەکانی سوریاوە دەوڵەتی تورک ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە قوڵکردنەوەی قەیرانەکاندا لە ئەنجامدا دەرفەتێکی بینی بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی سوریا و تێکەڵی خاکی تورکیای بکات، ئەگەر باس لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا بکەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و ئەو ڕێککەوتنانەی لەسەر ئیرادەی گەل داڕێژراون بەبیربێنینەوە، لە ساڵی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزان واژۆ کرا و دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستکەوتی هەبێت کە لە ڕێگەیەوە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکەی زیندوو دەکاتەوە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەمڕۆ دوژمنایەتی مێژوویی خۆی لەگەڵ کوردا هەیەتی لە خاکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خەڵکی ناوچەکە بە کۆیلە بکات کە زۆربەیان کوردن

 

بۆچی بە تایبەتی هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؟

باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شوێنێکی ستراتیژی هەیە لەگەڵ سنووری دەوڵەتی تورکیا و زۆربەی ئابووری سوریا لە گەنم و نەوتی ئەم هەرێمە دابین دەکرێت، بۆیە دەوڵەتی تورک خۆی بە یەکەم مافی خاوەن قازانج و بەهێزکردنی ئابووری دەوڵەتەکەی دەزانێت، هێرشەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورک لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا زۆربەی ژێرخانی هەرێمیان کردە ئامانج لە ئەنجامدا نەوت و گاز و کارەبا و عەمبارەکانی گەنم و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان کرانە ئامانج، ئەمە زیانی گەورەی لێکەوتەوە و زۆربەی شوێنە ئامانجدارەکان لە خزمەتگوزاری وەستان، دەوڵەتی تورک دەماری ژیانی خەڵکی کردە ئامانج، بۆ ئەوەی ناچاریان بکات کۆچ بکەن، لە لایەکی دیکەوە کۆتایی لۆزان نزیک دەبێتەوە ئەگەر دەوڵەتی تورک نەتوانێت شوێنەکانی ژێرخانی ستراتیژی لە سوریا داگیر بکات ئەوا بێبەش دەبێت لەو یارییە، بۆیە توندترین هێرش بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

 

ئەو ژێرخانانەی کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا کراونەتە ئامانج و زیانەکانیان بریتین لە: 

 

دێرک

شەوی ٢٠ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک بە سێ فڕۆکەی جەنگی و دوو فڕۆکەی کەشف، وێستگەی کارەبایی لە گوندی تەقیلبەقیلی سەر بە کۆچەراتەی باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومان کرد، لەئاکامدا زیانێکی گەورە بە وێستگەکە گەیشت و کارەباش بەتەواوی لەسەر ٣٠ گوندی کۆچەراتە و شاری دێرک بڕدرا، لە لایەکی دیکەوە، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا ١١ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٤ هاوڵاتیش برینداربوون، ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەیەکی کەشف، وێستگەیەکی غازی لە نێوان گوندەکانی گرهۆک و ئەلیاخای سەر بە شارەدێی تیلکۆچەر بۆردوومان کرد ،هەر لەو ڕۆژەدا وێستگەی غازی گوندی سەوێدییەی سەر بەشاری دێرک لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانەوە بۆردومان کرا و وێستگەی غازی گوندی ئەلیقۆسێ لەناحیەی گرکێگ بۆمباران کرا،  لە ئەنجامدا وێستگەکان لە خزمەتگوزاری وەستان کە تاکە شوێنن کە گازی خەڵک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دابین دەکەن.

 

کۆبانی

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم گوندی کانی کوردان لە قامیشلۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا،  لەئاکامدا نەخۆشخانەی کۆرۆنا کەبڕیاربوو لەداهاتودا وەک نەخۆشخانەی منداڵان بەکاربهێنرێت بەتەواوی لەناوچوو، جگە لە هێرشی جۆراوجۆر بۆ سەر گوند و ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان، خوێندنگاکانی منداڵانیش تێکدران.

 

عەین حێسا

ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک وێستگەی کارەبایی تیرادی لە گوندەکانی عەین عیسا تۆپباران کرد و زیانی گەورەی بە وێستگەکە گەیاند و کارەباشی بەتەواوی بڕی، هەروەها تۆڕی شەبەکەی سیریاتێل لەلایەن چوار موشەکەوە لەناوچەی کەزەری سەر بەعەین عیسا کرایە ئامانج و تێکشکا و بەهۆیەوە تۆڕی تەلەفۆنی لەسەرانسەری ناوچەکە و گوندنشینەکانی بڕاوە.

تربەسپی

ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەیەکی کەشف وێستگەی نەوتی لە ناوچەی تربەسپی سەربە کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆپباران کرد و لە کۆتاییدا ئەو وێستگەیە لە خزمەتگوزاری وەستا، لەلایەکی دیکەوە وێستگەی نەوتی ئۆدا کە گەورەترین وێستگەی ناوچەکەیە لە تربەسپی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرایە ئامانج هەروەها عەمبارەکانی گەنم کە خەڵک نانیان پێدابین دەکرد کرایە ئامانج.

گرێ سپی

ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک بە دوو موشەک عەمبارەکانی گەنمی قەیز عەلی لە گوندەکانی گرێ سپی کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە هەروەها هێرشی جۆراوجۆر کرایە سەر گوندەکانی هاوڵاتیان.

 

قامیشلۆ

ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک دەوروبەری زیندانەکانی چرگین و ئەلیای شاری قامیشلۆی تۆپباران کرد، ئەو زیندانانە کە چەتەکانی داعشیان تێدایە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەرێمەکە دروست دەکەن و چەتەکان بەهۆی هێرشەکانەوە ویستیان ڕابکەن بەڵام هێزە ئەمنییەکان توانیان کۆنتڕۆڵی هەڵاتنی داعش لە زیندانەکە بکەن.

 

حەسەکە

ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک کامپی هۆلی لە کانتۆنی حەسەکە تۆپباران کرد، کە مەترسیدارترین کامپەو خێزانەکانی داعشی تێدایە، لەئەنجامدا ژمارەیەک لەئەندامانی هێزەکانی ئاسایش لەکەمپی هۆل شەهید بوون، هەروەها ٦ خێزانی داعش کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ویستبویان هەڵبێن دەستگیرکران، لەلایەکی ترەوە ژنانی ڕادیکاڵی داعش ویستیان لە کامپەکە هەڵبێن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان توانیان سەرەڕای زیانە گیانییەکان کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن.