دوای چەندین ساڵ لە کۆچبەرکردنی زۆرەملێ، ٦٢٣ خێزانی ئاوارەی عەفرین دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

٦٢٣ خێزانی خەڵکی عەفرین کە نیشتەجێی شاری کۆبانێ بوون، بەرەو شارەکەی خۆیان بەڕێکەوتن، ئەمەش لە چوارچێوەی چالاکییەکی بەکۆمەڵدا کە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان ڕێکخرابوو، لە پێناو ئاسانکاری بۆ گەڕانەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.

کۆبانێ-لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ داگیرکەری تورکیا و کوتلە هاوپەیمانەکانی دەستیان بەسەر ناوچەی عەفرین گرت و بە دەیان هەزار دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە کۆچیانکرد، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ ناوچە ئارامەکان ببەن.

 

دوای زیاتر لە ٨ ساڵ لە کۆچکردن، و بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆچبەران بە پارێزراوی، خەڵکی عەفرین لە یەکەم کەسەکان بوون کە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کرد، ئەمە گروپی پێنجەمە کە لە ٦٢٣ خێزان پێکهاتووە، بەشێکە لە کاروانە بەردەوامەکانی گەڕانەوە، دوای چوار گروپی پێشوو کە لە ناوچەی جزیرە بەڕێکەوتبوون، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی گەڕانەوەی کۆچبەرانە بۆ ناوچەکانی خۆیان سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و بارودۆخەی کە هەن.

 

 

نوێنەرانی هێزەکانی ئاسایش لە ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی کاتی سووریا لەگەڵ نوێنەرانی کۆبانێ و حەلەب و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە خۆبەڕێوەبەری و شانێکی کارگێڕی کۆبانێ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە خەڵکی کۆچبەری عەفرین کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کۆبانێش ئامادەبوون.

 

کاروانەکە لە گوندی روفی باشووری کۆبانێ کۆبوونەوە و تیایدا کارگێڕی کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەسەر گرنگی گەڕانەوەی پارێزەراوی کۆچبەران بۆ شارەکانیان و دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان کردەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئیبراهیم موسلیم، بەڕێوەبەری شاری کۆبانێ و مزگین خەلیل، هاوسەرۆکی خۆبەڕێوەبەری لە کۆبانێ پێشکەش کرا.

 

 

مزگین خەلیل جەختی لەوە کردەوە، کە خەڵکی کۆبانێ بەدرێژایی ساڵانی کۆچکردنیان لە تەنیشت کۆچبەرانی عەفرین وەستابوون و وتی: ئێمە زیاتر لە ٨ ساڵ لە خەڵکی عەفرینمان لەباوەش گرت، ئازار و مەینەتی کۆچکردنمان لەگەڵیاندا هاوبەش کرد، ئەمڕۆ دوای گەشتێکی دوورودرێژی کۆچکردنی زۆرەملێ، گەلەکەمان دەگەڕێتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان، هیوادارین ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی نوێ بێت کە سەقامگیری و ئاشتی لە سووریا چەسپێنێت، هەروەها هەموو کۆچبەران بتوانن بە هەڵگری کولتوور و زمان و ناسنامەی خۆیانەوە بگەڕێنەوە سەر خاکیان.