دوای ١٦٧ ڕۆژ پەڕاوی لێکۆڵینەوە دژی ئاسلی ئایدەمیر ئامادە کرا

ئاسلی ئایدەمیر، ئەکادیمیستی ئاشتی کە ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشی گروپێکی شەریعەتخواز بۆ سەر گۆڤاری "لەمان" نیشان دابوو و دەستگیر کرابوو، دوای تێپەڕبوونی ١٦٧ ڕۆژ و چەند جارێک ڕەتکردنەوە لە لایەن دادگاوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دژی ئامادەکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەکادیمیست ئاسلی ئایدەمیر، دوای ئەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر گروپێکی شەریعەتخواز دەربڕی کە هێرشیان کردبووە سەر گۆڤاری لەمان، لە چواری تەمووزی ٢٠٢٥ دوای ئەوەی هەڵکوترایەسەر ماڵەکەی دەستگیرکرا.

 

ئاسلی ئایدەمیر بە تۆمەتی بریندارکردنی پۆلیسێکی مەدەنی دەستگیر کرا. شەش مانگە ئاسڵی لە زینداندا ڕاگیراوە، لە کاتێکدا لەو گروپە هێرشبەرە هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

 

پەراوی لێکۆڵینەوەکە دوو جار لەلایەن دادگاوە ڕەتکرایەوە، بەڵام بۆ جاری سێیەم قبوڵ کرا و یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦ دیاری کرا. لەم دۆسیەیەدا تا ئێستا سێ داواکاری گشتی گۆڕدراون، پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بەرەو پێش نەچووە و سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، دەستگیرکردنی ئاسلی ئایدەمیر بەردەوامە.

 

کۆمەڵەی دەروونناسان بۆ هاوپشتی کۆمەڵایەتی، سەندیکای پەروەردە و ئەکادیمیستانی ئاشتی، داوای ئازادکردنی ئاسلی ئایدەمیریان کرد و ڕایانگەیاند کە دەستگیرکردنی ناوبراو گۆڕدراوە بۆ ئامڕازێکی سزادان.