سێ کەسی دیکە بەهۆی هێرشکردنە سەر ژنە گەنجەکەی هوانە دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی سێ کەسی دیکەی لەسەر دۆسیەی ئەو ژنە گەنجەی لە ناوچەی ھوانە ھێرشیکرایە سەر دەستگیرکردو ژمارەی دەستگیرکراوانیش گەیشە ١٩ کەس.

سلێمانی
ڕۆژی هەینی ٣٠ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی كە تێیدا گەنجان نمایشی ماتۆڕسكیل دەكەن، ژمارەیەك گەنج هێرشیان كردە سەر ژنێکی گەنج كە ئامادەی نمایشەكە بوو، یەکێکیان لێیدا و ژنە گەنجەکە کەوتە سەر زەوی، دواتر چەندین گەنجی دیکە بە لێدان و تانە و جنێودان هێرشیان کردە سەری.

 

لە هێرشەکەدا ئازاری لاشەی ژنە گەنجەکە دراوە و دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو پۆلیس توانی دوای ڕوداوەکە ژمارەیەک لە گەنجەکان دەستگیربکات.

 

لە نوێترین زانیاریدا سەبارەت بەو دۆسیەیە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، سێ کەسی تریان دەستگیرکردووە و بەوەش ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە ١٩ کەس و سەرجەمیان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

وتوشیەتی: " ئەو دەنگۆیانەی باس لە دیارنەمانی ژنە گەنجەکە دەکەن دوورن لە ڕاستییەوەو ژنە گەنجەکە لە پۆلیس سکاڵای لە دژی ئەو کەسانە تۆمار کردووە و وتەی لێوەرگیراوە".