دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم: مەلا مەزهەر لەسەر بێڕێزیکردن بە ژنان دەدرێتە دادگا
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەیام و لێدوانی توند دژی ژنان لە کەناڵێکی میدیاییەوە، سکاڵای یاسایی لەسەر مەلا مەزهەر خۆراسانی لە شاری هەولێر تۆمار دەکات.
ناوەندی هەواڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا دژی مامۆستایەکی ئاینی، کە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ژنان، ڕاگەیاندراوەیەکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: بەداخەوە مامۆستایەکی ئاینی لە شاری هەولێر بە ناوی مەلا مەزهەر تایەر (خوراسانی) لە کەناڵێکی میدیاییەوە لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بێڕێزییەکی زۆری بە ژنان و ڕۆڵ و پێگەی دیاریان لە کۆمەڵگەدا کردووە.
باس لەوەکراوە، لێدوانەکانی ناوبراو شەڕانگێزی و سووکایەتیکردن بە مافەکانی ژنانی تێدا بەدی کراوە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاریان داوە ڕێکاری یاسایی دژی بگرنە بەر تا دادگا سەروەریی خۆی بنوێنێت.
جێی ئاماژەیە، بڵاوکردنەوەی وتاری بێڕێزیکردن بە مافەکانی ژنان لەلایەن کەسایەتیی دژەژنی وەک مەلا مەزهەر خوراسانی لە ڕێگەی مینبەرەکانی ڕاگەیاندنەوە، تەنیا ڕادەربڕینی ڕایەکی کەسی نییە، بەڵکو هاندانێکی مەترسیدارە بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی و کەمکردنەوەی پێگەی مرۆیی ژنان لە کۆمەڵگەدا، بۆیە ڕاپێچکردنی ئەم جۆرە دەنگانە بۆ بەردەم دادگا لەلایەن دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە لەلای ژنان بە هەنگاوێکی ئەرێنی و پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەو شەپۆلە توندوتیژییەی ڕوو لە ژنان دەکرێت و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا دەبیندرێت.