دەستپێشخەرییەکی ژنان داوای جێبەجێکردنی فەرمانی ئازادکردن دەکات

دەستپێشخەریی "نا بۆ چەوساندنەوەی ژنان" جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ئازادکردنی ژنانی زیندانیکراو لە هەموو زیندانەکانی سودان کردەوە، وەک هەنگاوێک بەرەو ئاشتی لە تاریکی شەڕدا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای توندی شەڕی بەردەوامی سودان و ئەو کارەساتە مرۆییانەی کە لێکەوتووەتەوە، سەدان ژن لە پشت مێزی دادگا لە زیندانەکانی سەر بە هەردوو هێزی پشتیوانی خێرا و دەسەڵاتدارانی حکومەتدا ماونەتەوە و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ئەوپەڕی ترسناک و نامرۆڤانە بوونەتەوە.

 

دەستپێشخەری ''نا بۆ چەوساندنەوەی ژنان'' ، ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەم، لە ڕێگەی پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای جێبەجێکردنی خێرای بڕیاری ئازادکردنی ئەو ژنە زیندانیکراوانەی کرد کە تۆمەتبارن بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە بڕیارەکە لەلایەن ئیدارەی زیندانەوە دوای سەردانی فەرماندەی سوپای سودان بۆ زیندانی ژنان لە ئوم درمان درا.

 

دەستپێشخەرییەکە داوا دەکات، کە جێبەجێکردنی بڕیارەکە سەرجەم زیندانیانی ژن لە شارە جیاوازەکاندا بگرێتەوە، لەوانە بورتسودان، کەسلا، قەزارف، عەتبرە، وود مەدنی.

 

دەستپێشخەرییەکە پشتیوانی خۆی بۆ هەواڵی ئازادکردنی ژنە زیندانییەکان دووپاتکردەوە کە بە تاوانی یاسای گشتی سزا دراون، کە بە "خاڵێکی ڕووناکی لە تاریکی شەڕ و هەنگاوێک بەرەو ئاشتی" وەسفی کردووە.

 

هەروەها داواشی کرد "پێداچوونەوەیەکی یاسایی و دادوەری، پابەندبوون بە یاسای دادوەری تاوان، لێپرسینەوە لەو دەستدرێژیانەی کە ئەنجام دەدرێن و ئەو تۆمەتانە لەسەریان بونیاد نراوە بکرێت، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم ژنان لە زیندانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ''جەنجوید'' و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سەلامەتی تەواوی ژنە زیندانییەکان''.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "تەواوکردنی ئەم هەنگاوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەت و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پشتڕاستکردنەوە و بەڵگەیە بۆ بەدواداچوونی دڵسۆزانە بۆ مەلەفی مافەکان، جێبەجێکردنی دادپەروەری و چەسپاندنی ئاشتی، کە لە پێوەرەکانی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی دەستپاکییە".

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دەستپێشخەریی "نا بۆ چەوساندنەوەی ژنان"، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ەوە، داوای ئازادکردنی ئەو ژنانە دەکات کە تۆمەتبارن بە سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕەکە.

 

"نا بۆ چەوساندنەوەی ژنان" لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە "نزیکەی ٦٠٠ ژن لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە زیندانی کۆریای نیالا لە بارودۆخێکی خراپ و نامرۆڤانەدا ڕاگیراون، ژنان سووتەمەنی نین بۆ هەڵکردنی ئاگری شەڕ''.

 

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سودان بڕیاریدا دەستبەجێ ٤٠٠ زیندانی ژن لە زیندانی ژنان لە ئوم درمان ئازاد بکات، غەرامەکردن و پۆلێنکردنەوەی ئەوانەی تۆمەتبارن بە هاوکاریکردن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوان و جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا.