دەستپێشخەریی ژنان لە پەرلەمانی تورکیا: دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەن
دەستپێشخەریی ژنانی "پێویستیم بە ئاشتی هەیە" ڕایگەیاند کە قورسترین باری شەڕ لەسەر شانی ژنانە و داوای کۆتاییهێنان بە قەیومەکان، مسۆگەرکردنی پەروەردە بە زمانی دایک، دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستی و دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

ناوەندی هەواڵ
کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا لە پەرلەمان دامەزراوە، ١٥هەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا کە لە دوو دانیشتن پێکهاتبوو، وەقفی گەنجانی تورکیا "TUGVA"، وەقفی تیمی تەکنەلۆژیای تورکیا (T3)، کۆمەڵەی ئاشتیخوازانی گەنج، فۆرەمی ڕێکخراوەکانی گەنجان، کۆمەڵەی گەنجانی ئەنادۆڵ، یەکێتیی خوێندکارانی نەتەوەیی تورک، کۆمەڵەی ژنان و دیموکراسی "KADEM"، کۆمەڵەی ژنانی ٢٩ی تشرینی یەکەم، دەستپێشخەریی ژنانی "پێویستیم بە ئاشتی هەیە"، کۆمەڵەی ژنانی کارسازی تورکیا "TÎKAD" و کۆمەڵەی پەروەردە و هاوپشتیی هەزار وتاریان پێشکەش کرد.
لەلایەن دەستپێشخەریی ژنانی "پێویستیم بە ئاشتی هەیە"وە، ڕوشەن سەیدئۆغڵو و فەریدە ئەرالپ وتاریان پێشکەش کرد.
سەرەتا پارێزەر ڕوشەن سەیدئۆغلۆ قسەی کرد و نموونەی لە کاریگەرییەکانی شەڕ و چارەسەرنەکردنی کێشەکان لەسەر ژنان هێنایەوە. ئاماژەی بەوەدا کە ژنان سەرەڕای کۆمەڵکوژی، ونکردنی زۆرەملێ، کۆچبەری و زیندانیکردن، ژیانیان سەرلەنوێ بنیاتناوەتەوە و وتی: "لە ساڵی ٢٠١٦دا، دوای گەمارۆیەکی ٧٩ ڕۆژە، گەڕەکەکانی سوور، نوور، جودی و یافەس لە جزیرە وێران کران. کاتێک ئێمە وەک دەستپێشخەریی ژنان بۆ ئاشتی چووینە ئەوێ، بینیمان کە پیاوان بە خەمبارییەوە لەبەر باڵەخانە ڕووخاوەکان دانیشتبوون، لە کاتێکدا ژنان هەوڵیان دەدا بەو شتانەی لەناو کاولکارییەکاندا کۆیان کردبووەوە، شوێنی ژیان دروست بکەن، ئاگر بکەنەوە و خواردن لێبنێن. کاتێک پرسیارمان لێکردن، وتیان 'منداڵمان هەیە دەبێت تێریان بکەین، کاتمان نییە دابنیشین و خەم بخۆین'. بە واتایەکی تر، تەنانەت خەمباری بۆ لەناوچوونی ژیانیشیان بۆ ژنان زیادەڕۆیی بوو.
'پێویستە دەوڵەت هەنگاو بنێت'
سەیدئۆغڵۆ وتی کە لەم شەڕەدا ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و هەژار بوون و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: بۆ ئێمە، ئاشتی بە واتای وازهێنان لە بیرکردنەوەی تاکڕەهەندی و سەربازیی دێت بەرامبەر بە پرسی کورد و بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراتیک، یەکسان و ئازادیخوازانە.
دواتر فەریدە ئەرالپ بەناوی دەستپێشخەرییەکەوە داواکارییەکانی خستەڕوو و وتی: "پێشتر سێ داواکاریی بەپەلەمان بە ئاشکرا، تەنانەت لە بەردەم دەرگای ئەم پەرلەمانەشدا خستەڕوو. پێش ئەوەی باسی داواکارییەکانمان بکەین، دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە ئاراوە، پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگیرێن و بڕیارە سەربازییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە.
دەستپێشخەرییەکە داواکارییەکانی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو:
- بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە ئاراوە، زۆر گرنگە کەشێک بڕەخسێنرێت کە تێیدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگیرێن و فەرمانەکان هەڵبوەشێنرێنەوە.
- پێویستە یاسای تیرۆر کە هۆکاری زیندانیکردنی هەزاران زیندانیی سیاسییە، هەموار بکرێتەوە و سەرەتا زیندانییە نەخۆشەکان و دواتر هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن.
- ئێمە ڕووبەڕووی ڕژێمێکی تاوان و سزادانی زۆر نادادپەروەر بووینەتەوە. کاتێک پیاوێک هەڕەشە لە ژنێک دەکات، ڕۆژێکیش لە زینداندا نامێنێتەوە و سزا نادرێت. بەڵام ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمییەکان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، شارەوانییەکان، خوێندکاران، ژنان و کەسانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کە لە شەقامەکاندا مافە دیموکراتیکەکانیان بەکاردەهێنن و خۆپیشاندان دەکەن، وەک بارمتە دەستگیر دەکرێن. ئەم سیستەمە نادادپەروەرە، کە لەسەر بنەمای بێسزایی و سزادان دامەزراوە، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاشتی دروست دەکات.
- دەبێت یەکسانی و بەشداریی هەموو ناسنامە و ئینتیماکان بەبنەما بگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا، ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردە بە زمانی دایک هەڵبگیرێت.
- دەستبەجێ جیاکاریی نەهێڵرێت و پرسی زمانی دایک لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا بە دیدگایەکی یەکسان چارەسەر بکرێت.
- هاووڵاتیبوونی یەکسان، دەبێت یەکسانیی ژنان و یەکسانیی ڕەگەزیی بگرێتەخۆ.
- تا پرسی کورد قووڵتر دەبێتەوە، شەڕ لە شارە کوردییەکان قووڵتر دەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر ژنان زیاتر بووە. لە جزیر و گەڤەر و چەندین شاری کوردان، سەرباز و هێزی ئەمنی توندوتیژیی ڕەگەزییان دژی ژنان وەک ئامرازێکی شەڕ بەکارهێناوە. ئەمە تاوانە. زۆر نموونەی وەها هەن. بەڵام دۆسیەکان بێ سزا تێپەڕبوون. مادام ئەمڕۆ باسی ئاشتی دەکەین، دەبێت دان بنێین بە توندوتیژیی ڕەگەزی و تاوانەکان بە پشتگیریی دەوڵەت و سزا نەدان و تێگەیشتنی ئەمنی، وەک ئەوەی لە سیستەمی جەردەوانیی گوندەکان هەیە، دەبێت زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
- پێویستە لەپێناو گەڕانەوە بۆ ئەو گوندانەی کە ساڵانی نەوەدەکان چۆڵکراون، دەرفەت و قەرەبوو هەبێت.
- ڕێگە بە ژنان و ئەندامانی کۆمیسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنی بدرێت کە چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو لایەنەکانی پرۆسەکە بکەوێت. عەبدوڵا ئۆجالان کەسایەتییەکی کاریگەرە بۆ گەلی کورد، نوێنەرایەتی ئیرادەی ئەوان دەکات.
- دەبێت ڕێگە بۆ ژنان و هەموو توێژەکان بکرێتەوە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا چاویان بە هەموو لایەنەکان بکەوێت، پرەنسیپی یەکسانی لەسەر مێزی چارەسەر بەبنەما بگیرێت. دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەمە هەبێت.
- ئەوانەی چوونەتە ڕیزەکانی پەکەکەوە، ئەوانەی ئێستا لە چیاکانن، دەبێت بتوانن بەشێوەیەکی یەکسان و سەلامەت بەشداریی ژیانی مەدەنی بکەن، بۆ ئەمەش دەبێت هەلومەرج و هۆکارەکانی چەکهەڵگرتنیان نەهێڵرێت. لە مەراسیمی چەکداداناندا، بەسێ هۆزات داوای بەشداریی سیاسەتی دیموکراتیکی کرد. دەبێت ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک بکرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش سوپاسی هەمووانی کرد بۆ سەرنج و پێشنیارەکانیان.