گۆڕستانەکان شوێنێکی دیکە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ژنان

لە کۆمەڵگەیەکدا کە تەنانەت چرکەساتی مردنیش مافی ناوێکی بە ژن نەبەخشیوە، بەردی گۆڕ دەبێتە گێڕانەوەیەکی تری دوورخستنەوە، کە وێنەکەیان دەسڕدرێتەوە و ناوەکانیان بە هێماکان دەگۆڕدرێن کە جێگەی ناسنامەکەیان دەگرێتەوە، بەم شێوەیە گۆڕستانەکان دەبێتە شوێنی پیاوان.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان- لە ئاگاداری مردن و بەردی گۆڕدا، زۆرجار ناسنامەی ژنێکی مردوو بە هێماکانی وەک گوڵ، مۆم، کۆتر، یان وشەی بە واتای هێمادار دەگۆڕدرێت، وێنە و ناوی ڕاستەقینەی لە دیمەنی پرسەکەدا نییە، ئەم جێهێشتنە بۆ پیاوان ناگرێتەوە، کە دوای مردنیان بە ناوی تەواوی خۆیانەوە ناویان دەهێنرێت و وێنەکانیان بەبێ پارێزراوی نمایش دەکرێن، وەک ئەوەی مردن ئامادەیییەکی گشتییان پێببەخشێت کە ژنان نەتوانن.

 

لە کاتێکدا، پیاوان لە ئاگادارییەکانی مردندا بە ناسنامەی تەواویان دەناسرێنەوە، بەڵام زۆرجار ژنان کورت دەکرێنەوە بۆ پێناسە گشتی و بێ کەسایەتییەکانی وەک "ژن"، "دایک" و ئەوانی دیکە، بەبێ ئەوەی ناوی ڕاستەقینەی خۆیان باس بکرێت، ئەم جێهێشتنە سیستماتیکە ڕەنگدانەوەی هەڵبژاردنێکی زمانەوانی تەنها نییە، بەڵکو جۆرێکە لە وەدەرنانی هێمادار لە یادەوەری، وە بیروباوەڕە قووڵە هەڵگیراوەکان ئاشکرا دەکات کە تەنانەت دوای مردنیش بەردەوامن لە دەسەڵات بەسەر جەستە و ناوی ژناندا.

 

بەردی گۆڕ: ئاوێنەیەکی دەسەڵاتی پیاو

ئەم پەراوێزخستنە تەنها لە ژنانی مردوودا سنووردار نییە، لە حاڵەتی مردنی نێردا ناوی کوڕ و برا و باوک و مامی دەهێنرێت، لە کاتێکدا، زۆرجار ناوی ژنانی گەنج لادەبرێن، لە ڕاستیدا، تەنانەت ڕاگەیاندنەکە خۆی لە باسکردنی ژنێکی گەنج بە تەواوی بەدوور بگرێت، تەنها ئاماژە بە هاوژینەکەی بکات، ناوی ڕاستەقینەی ئەو ژنە گەنجە بە ڕەچەڵەکی ناڕاستەوخۆ بگۆڕێت، وەک ئەوەی بوونی تەنها لە ڕێگەی پیاوەکەوە تەواو بێت.

 

هەندێک جار، هەرچەندە بە دەگمەن، وێنەی ژنێک لەسەر بەردی گۆڕەکەی هەڵکەندراوە، هەرچەندە ئەم حاڵەتانە دەگمەنن، بەڵام بەسە بۆ ئەوەی نیگەرانی دەسەڵاتداران دروست بکەن و پاڵیان بنێن بۆ هەڵوێستگرتن لە دژی ئەم کارە.

 

لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٢، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی "بەهشت زەهرا"، لابردنی و گۆڕینی ٩٨ بەردی گۆڕی هی ئەو ژنانەی ڕاگەیاند، کە وێنەکانیان بەبێ سەرپۆش نمایشکرابوون، بەگوێرەی لێدوانەکەی ئەو بەردانەی گۆڕ بە پاساوی ئەوەی وێنەکانی ژنان کە نمایشکراون بە بێ سەرپۆش نەگونجاوە بۆ پیرۆزی گۆڕستانەکە، وتی: ئەوە کاروباری گۆڕستانی باوەڕداران نییە کە وێنەی ژنانی باوەڕدار بە شێوەیەکی ناشایستەیی لەسەر بەردی گۆڕەکان هەڵکەندرێت.

 

سەرەڕای ڕێوشوێنە فەرمییەکان، مریەم ئارسا (ناوی خوازراو)، چالاکوانی مافی ژنان پێی وایە، کە ناوەکی بابەتەکە وێنەی ژنانی بێ سەرپۆش نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بەربڵاوی وێنەی ژنانی مردوو لەسەر بەردی گۆڕ و ئاگاداری مردن، کە بە هێرشکردنە سەر ناسنامەی ژنانە تەنانەت دوای مردنیشیان.

 

بەڵام ئەم هەستیارییە تەنها لە ساڵانی ڕابردوودا، سنووردار نەبوو، تا مانگی ئابی ڕابردوو بەردەوام بوو، کاتێک ئاژانسەکانی هەواڵی "تەسنیم" و "تابناک" ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە بە "دیاردەی ئازاربەخشی گواستنەوەی سەرپۆشی خراپ بۆ بەردی گۆڕەکان" پێناسەیان کرد، نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی بەکارهێنانی وێنەی ژنان لەسەر گۆڕەکان دەربڕی و ئەمەیان بە ڕواڵەتێکی قبوڵنەکراو زانی.

 

ئەم وتارە میدیاییە کە لە لایەن ئەم دوو ئاژانسەوە دەستپێدەکات و لەلایەن دەزگاکانی دیکەی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕەنگە پێشەکییەک بێت بۆ شەپۆلێکی نوێی فشار لەسەر بوونی ژنان لە کایەی گشتیدا و هەوڵێکی زیادە بێت بۆ کەمکردنەوەی نوێنەرایەتی هیمای و کۆمەڵایەتییان تەنانەت دوای مردنیشیان.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری ڕۆیان سەر بە پارێزگای مازەندەران بڵاویان کردەوە کە کەسانی نەناسراو وێنەی ژنانی مردووە لەسەر بەردی گۆڕەکانیان تێکداوە، هەروەها وێنە سووڕاوەکان دەرکەوت کە دەموچاویان بە بۆیەی سپی بە تەواوی سڕاوەتەوە.

 

سەرەتا ئیدارەی گۆڕستانەکە ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕووداوەکە بڵێت، سەرەڕای هەوڵەکانی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن، بەڵام دواتر لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە بڕیارەکە لەلایەن دەستەی ئەمینداری گۆڕستانەوە دراوە، ڕەوایەتی بەو کارە داوە بەوەی دانانی وێنەی ژنان لەسەر بەردی گۆڕ بەپێی یاسای شەریعەت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان نییە.

 

ناسنامەی ژن لە بەرامبەر نکۆڵی فەرمی و کۆمەڵایەتیدا

بەڵگەی بەردەست ئەوە دەردەخات کە هۆکاری پشت لابردنی وێنەی ژنانی مردوو لە بەردی گۆڕەکان پەیوەندی بە پرسی سەرپۆشەوە نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ڕەگەزی مردووەکەوە هەیە، ژن بوون بەس بوو بۆ ئەوەی بڕیاری لابردنی ئەوان مسۆگەر بکات، هەروەها ئەم هەستیارییە بەرامبەر بە دەرکەوتنی وێنەی ژنێک لەسەر بەردی گۆڕ، پێشهاتێکی ئەم دواییە نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەیە.

 

بۆ نمونە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨دا بەرپرسانی مەزارگەی ئیمامزادە حەسەن لە سەبزێوەر ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوایان لەو خێزانانە کرد کە بەردی گۆڕی ئازیزانیان کە وێنەی ژنی تێدایە دەستبەجێ لاببەن و هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر پابەند نەبن ئەوا بەردی گۆڕەکە بە تەواوی لادەبرێن.

 

ئەم جۆرە کردارە ڕەنگدانەوەی نەخشێکی دووبارەبووەوەی سڕینەوەی سیمبۆلیزمی بینراوی ناسنامەکانی ژنانە، تەنانەت لە ساتەوەختی ماڵئاوای کۆتاییشیاندا.

 

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئەوە دەردەخەن کە دەسەڵاتی پیاوسالاری تا چەندە ژیانی ژنان دەگرێتەوە، نەک تەنها لە ماوەی تەمەنیاندا، بەڵکو تەنانەت دوای مردنیشیان، لەگەڵیشیدا، ئایدۆلۆژیای ژنکوژی ژنان وەک بوونەوەرێک سەیر دەکات کە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان نییە، و بڕیارە تەنانەت لە گۆڕیشدا بۆیان دروست بکرێن، ئەم زاڵبوونە بە مردن کۆتای نایەت، بەڵکو لەوێنە و ناوی ژنان درێژدەبێتەوە، وەک ئەوەی بوونی هێماییان لە یادەوەری گشتیدا بسڕدرێتەوە.

 

مریەم ئارسا جەختی لەوە کردەوە: کە سیستەمی پیاوسالاری نەک هەر لە ماوەی تەمەنیدا ژن دەقۆزێتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات دوای مردنی بە تەواوی ناسنامەکەی بسڕێتەوە، بە بۆچوونی ئەو، ئەوانەی ئەم ئایدۆلۆژیایە لە باوەش دەگرن، وەک کیانێکی سەربەخۆ سەیری ژن ناکەن، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردن بە  پیاو سەیری دەکەن، ئامرازێک کە تەنانەت دوای مردنیش ڕێگەیان پێنادرێت بە سەلماندنی بوون یان ناسنامەی خۆیان، بەم پێیە تەنانەت مافی ئەوەش بە ژنان نادرێت کە دوا ماڵئاواییان لە ماڵئاوایی پیاوان بچێت.

 

بۆ پێناسەکردنی ئەم بیرۆکەیە ئاماژەی بە وێنەیەک کرد، کە لەم دواییانەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبووەوە، کە بەردی گۆڕی ژنێکی پیشان دەدات، ناوی نەهێنراوە، بەڵکو تەنها وشەی "گۆڕی خوالێخۆشبوو، هاوژینی لێخۆشبووی ئایەتوڵا عەلەم هودا، نوێنەری ڕێبەری مەزن " نووسراوە، ئەم نمونە توند و تیژە گوزارشتەی لەوەیە کە چۆن ناوی ژنان دەسڕدرێتەوە و بوونیان کورت دەکرێتەوە بۆ پێگەی ژن وەک ژن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناسنامەی تاکەکەسی خۆیان بکەن.

 

مریەم ئارسا، پێی وایە، ئەم شێوازە لە دوورخستنەوە تازە نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە کولتووری باودا هەیە، زۆرێک لە پیاوان، لە ڕابردوو و تەنانەت ئەمڕۆشدا، بە شێوەیەکی نەریتی ئاماژەیان بە ژنەکانیان کردووە بە نازناوی گشتی وەک "دایکی منداڵەکان" یان "ماڵ"، نەک ناوەکانیان بەکاربهێنن، ئەم ڕێکەوتننامەی ناونانی ژن، نکۆڵی ژن دەرئەبڕێت، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندییەکەیانەوە لەگەڵ پیاوان پێناسەیان دەکات، نەک وەک تاکی سەربەخۆ.

 

بەردەوامی پەراوێزخستنی هێمای ژنان

کاتێک ناوی ژنێک بە ناونیشانێکی گشتی دەگۆڕدرێت یان بە تەواوی دەسڕدرێتەوە، جۆرێک لە نەبینینی هێمای پێکدەهێنێت، کە لە باوەڕێکی قوڵەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها ژن ناسنامەیەکی سەربەخۆی نییە و لە ژیاندا و تەنانەت دوای مردنیش ملکەچی پیاوە.

 

نکۆڵی ناسنامەی ژن تا ئەمڕۆش هەرچەند بە شێوەی ئاڵۆزتر بەردەوامە، پیاوان لە ڕێگەی ئامرازە مۆدێرنەکانەوە ئەم تێڕوانینە تایبەتە بەرهەم دەهێننەوە، مسۆگەرکردنی بەردەوامی نکۆڵیکردن لە پێگەی مرۆڤایەتی ژن و مافی ژیان و ئامادەی کۆمەڵایەتییانە، ئەم نکۆڵیکردنە نەک تەنها لە وتاردا، بەڵکو لە ڕەفتار و پێکهاتە کولتوورییەکانی ڕۆژانەدا دەردەکەوێت کە ژێردەستەی ژنان دادەمەزرێننەوە و سەربەخۆییان پەراوێز دەخەن.

 

لابردنی وێنە یان ناوی ژنان لە ڕیکلام و بەردی گۆڕ و بەڵگەنامە فەرمییەکان دەرکەوتنێکی ڕوونی ڕێبازێکی نکۆڵی سیستماتیکە، ئەم دوورخستنەوەیە تەنها لە سڕینەوەی بوونی هێمای ئەواندا سنووردار نییە، بەڵکو هەوڵدەدات ڕۆڵی ئەوان لە مێژوو و بنەماڵە و کۆمەڵگەدا بسڕێتەوە، وەک ئەوەی بوونیان شایەنی ئەوە نەبێت بەڵگەی لەسەر بێت یان نەمر بکرێت، هەروەها لە ناوەڕۆکی ئەم ڕەفتارەدا ئایدۆلۆژیایەکی پیاوسالاری هەیە کە تەنها وەک بوونەوەرێکی لاوەکی سەیری ژنان دەکات و تەنانەت لە دانانی تەنها ناو یان وێنەکانی لەسەر بەردێک دەترسێت، لە ترسی ئەوەی مافی بوونێکی سەربەخۆی پێبدات.