دەستپێشخەری بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان لە شێرپەنجەی مەمک بەردەوامە

جومانە ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی تەندروستی حەسەکە، جەختی لە گرنگی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک کردەوە و وتی: چالاکییەکانمان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ئەنجومەنی تەندروستی سەر بە کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیکردووە بە هۆشیارکردنەوەی ژنان لە گرنگی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک و هاندانی ژنان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خولیی، هۆشیاری لە ڕێگەی سیمینار و سەردان بۆ شارۆچکەو گوندەکانەوە بەرز دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری ئەنجومەنەکە.

 

جومانە ئەحمەد، باسی لە چالاکییەکانی ئەنجومەنی تەندروستی کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە کردو وتی: لەم مانگەدا چالاکی و سیمینارەکانمان زیاتر دەکەین، ئەم مانگە بە مانگی ئۆکتۆبەری پەمەیی ناسراوە، زۆرینەی خەڵک لە دووبارەبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دەترسن، بۆیە پێویستە هەموو ژنێک ئاگاداری خێرا دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بێت و جارجارە پشکنینی خۆی بکات چ لە ماڵەوە بێت یان سەردانی ناوەندی تایبەت بۆ ئەم نەخۆشییە بکات.

 

"ژنان دەتوانن لە ماڵەوە خۆیان پشکنین بکەن"

جومانە ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ژنێک دەتوانێت لە ماڵەوە پشکنینی خۆی بکات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان دەتوانن لە ماڵەوە پشکنین بکەن، ئەگەر گرێ هەبوو، پێویستە دەستبەجێ بچن و هەموو پشکنینە پێویستەکان ئەنجام بدەن، ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە پۆزەتیڤ بوو، واتە ئەگەر تووشی شێرپەنجە بوون، پێویستە بە دەرمانی سروشتی یان لە ڕێگەی چارەسەری کیمیاییەوە چارەسەر بکرێن، یان ئەگەر نەخۆشییەکە لە ئاستێکی پێشکەوتوودا بوو، پێویستە مەمکەکە لاببرێت.

 

وتیشی: لەم مانگەدا سیمینارەکانمان زیاد کردووە و هەنگاوێکمان لە سەرجەم شارۆچکەکانی حەسەکە دەستپێکردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەن و پێکهاتەکان،هەروەها کۆبوونەوەمان بۆ ژنان ئەنجام دا و لەم نەخۆشیە هۆشیارمان کردنەوە، ژنان لەم مانگەدا بە شێوەیەکی گەورە بەشدارییان لە سیمینارە تایبەتەکاندا کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو گرێکانی ناو مەمک شێرپەنجە نین، هەندێک گرێی ڕیشاڵی و ئاوڕێژن هەن، ژنان بە ئاسانی دەتوانن لێی ڕزگاریان بێت، لە هەمان کاتدا هێزی ئیرادە و باشی دەروونی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکان.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا داوای لە سەرجەم ژنان کرد کە بەشداری دەستپێشخەرییەکە و ئەو سیمینارانە بکەن کە بەڕێوەدەچن و وتی: پێویستە هەموو ژنێک پشکنینی خولیی هەبێت و بەشداری سیمیناری هۆشیاری بکات.