دەستپێکردنی یەکەمین پلاتفۆرمی بەڵگەنامە و چاودێریکردنی ژنکوژی لە تونس

کوشتنی ژنان لە تونس لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٥ نزیکەی شەش هێندە زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرامبەر خەمساردیی حکومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانە ڕەگەزییانەدا

زهور مەشرقی

تونس ـ هاوکات لەگەڵ یادی حەفتا ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری باری کەسی ”مجلة الأحوال الشخصية”، ڕێکخراوی دەنگی ژنان”أصوات نساء” یەکەم ناوەندی  تایبەت بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی کوشتنی ژنانی ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە چاودێریکردن و بەڵگەکردنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان و بە زمانەکانی عەرەبی و فەرەنسی بۆ هەمووان بەردەستە.

 

ڕێکخراوی دەنگی ژنان”أصوات نساء”  لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا جەختیکردەوە کە ئەم ناوەندە بە شوێنێکی بەرگری دادەنرێت و هەوڵدەدات تاوانەکانی کوشتن چاودێر بکات بۆ بەڵگەکردن، شیکردنەوە و دەرخستنی لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی، بەو پێیەی یەکێکە لە شێوازەکانی توندوتیژی ڕەگوزی.

 

مەریەم مەللیکی، توێژەر لە یاسای گشتی لە ڕێکخراوی دەنگی ژنان”أصوات نساء”، وتی: ناوەندەکە کە بە یەکەم ناوەندی بەڵگەکردنی تاوانەکانی کوشتن و هەوڵەکانی کوشتنی ژنان دادەنرێت، ئەوەیە کە ئەرکی چاودێریکردنی تاوانەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی تونس لە ئەستۆ بگرێت بە مەبەستی شکاندنی بێدەنگی و تاریکی دەوروبەری ئەم تاوانانە، هەروەها بەشداریکردن لە دروستکردنی یادەوەرییەکی ژنانی هاوبەش کە چیرۆکی ژنان بپارێزێت و ماف و ئەزموونەکانیان بخاتە ناوەراستی بەرهەمهێنانی زانست و داکۆکیکردن لە دادپەروەرییەوە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم کارە دانپێدانانیشە بە تاوانەکانی کوشتن وەکو تاوانی تایبەت و هاندانی سیاسەتی گشتی کە توانای پاراستنی ژنانی هەبێت لە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی ڕەگەزی.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕێکخراوی دەنگی ژنان”أصوات نساء” لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە دەستی بە پرۆسەی بەڵگەکردنی تاوانەکانی کوشتن کردووە هاوکات لەگەڵ کەیسی ڕفقە شارنی کە لەلایەن هاوژینە پۆلیسەکەیەوە بە چەکەکەی خۆی کوژرا، بەڵگەکردنەکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجامدراوە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەکە گەیشتووەتە ٣٥ تاوان بە بەراورد بە ٦ حاڵەت لە ساڵی ٢٠١٨ دا.

 

تونس خاوەنی یەکێکە لە بەهێزترین یاساکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، نەک تەنها لە چوارچێوەی ئەفریقی و هەرێمیدا بەڵکو لە جیهانیشدا لە ڕووی گشتگیری یاسادانان بۆ نزیکەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی لەوانەش توندوتیژی دیجیتاڵی و سیاسی، سەرەڕای ئەوەش، ڕێژەی توندوتیژی و کوشتن بەرزبووەوە، کە کۆمەڵگەی مەدەنی هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی پاراستن، لاوازی بەدواداچوون بۆ تاوانباران و ئاساییبوونەوەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەم دەردەدا.

 

مونییە قاری، پرۆفیسۆر لە یاسای دەستووری، بۆ ئاژانسەکەی باسی لە بەردەوامبوونی بێسزایی کرد لەناو کۆمەڵگەیەکی پارێزگاردا و وڵاتێک کە یاسای هەیە بەڵام سیاسەت و میکانیزمە پێویستەکانی بۆ جێبەجێکردنی بەو شێوازەی کە داواکراوە پەیڕەو ناکات، هەموو ئەم هۆکارە سیاسی، کولتووری و پەروەردەیییانە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە و زۆرتربوونی لە کۆمەڵگەدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەش کرد، کە نەبوونی لەبەرچاوگرتنی ڕاستەقینە یان سزای توند دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەرپێچیکاران یان ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان لە هیچ نەترسن، بەتایبەت لەگەڵ هەندێک نەریتی کۆمەڵایەتی کە لەوانەیە بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بەشداری بکەن لە داپۆشینی کێشەکان یان دوودڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان بە بوێرییەوە.