"دەستەبەرکردنی پاراستنی منداڵانی کۆچبەر ئەرکێکی بنەڕەتییە"

جولیا خەلۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ستیرک بۆ بەدواداچوون و پاراستنی مافەکانی منداڵان، ناڕەزایی خۆی لە بەردەوامی گەمارۆدانی کۆبانێ دەربڕی و دەڵێت: منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختانە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- گەمارۆدانی کۆبانێ بەردەوامە، دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی بارودۆخی مرۆیی ترسناک بوونەتەوە، بەتایبەتی منداڵان بەهۆی سەرمای تاڵ و کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکاندا بەدەست نەخۆشی و مردنەوە دەناڵێنن، ئەمەش بووەتە هۆی بێتوانایی چاودێریکردنی منداڵە تازەلەدایکبووەکان.

 

لە نەبوونی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوی ستێرک بۆ پاراستنی منداڵان بەردەوامە لە هەوڵە مرۆییەکانی بۆ پشتیوانیکردنی منداڵانی کۆچبەر، جولیا خەلۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ستێرک وتی: چاودێریکردن و پاراستنی منداڵان وەک ئەرکێکی بنەڕەتی و پێویستییە: منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ناوچەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش بووەتەوە کە بە "جینۆساید" پێناسەی کردووە، کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە ئەنجامدراوە و نوێنەرایەتی حکومەتی کاتی سووریا دەکات، ئەم هێرشانە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لێکەوتووەتەوە، هەروەها ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوشتن و ڕفاندن، هەزاران خەڵکی مەدەنی ناچاربوون هەڵبێن، منداڵان قورسترین باجی ئەم کارەساتانەیان داوە.

 

"منداڵان بەهۆی سەرما گیانیان لەدەستدا"

جولیا خەلۆ وتی: ئەو گەمارۆیەی بەسەر شاری کۆبانێدا سەپێنراوە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی منداڵان دروست دەکات، ئاماژە بە گیانلەدەستدانی پێنج کەسیان دەکات بەهۆی سەرمای زۆر و کەمیی سووتەمەنی، هەروەها لە ٦ی کانوونی دووەم، جیهادییەکانی هەتەشە هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە، کە بووەتە هۆی گەمارۆدانی شارە کوردییەکان، دیارترینیان کۆبانێ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی شارەکە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ئابووری سەخت و قەیرانێکی مرۆیی خنکێنەر بوونەتەوە، منداڵان لە شیر و جل و بەرگ و پێداویستییە سەرەتاییەکان بێبەشن، کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە یەکەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکاندا بووەتە هۆی مردنی زیاتری منداڵانی تازەلەدایکبوو.

 

جولیا خەلۆ دووپاتیکردەوە، کە ڕێکخراوەکە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵانی کۆچبەر و دابینکردنی چاودێری، ئاماژەی بە کارە بەردەوامەکانیان کرد لە قامیشلۆ، پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی و خۆراکی بۆ منداڵانی نەخۆش و دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکان. وتی’ رێکخراوەکە ڕێوشوێنی پێویست لە هەموو ئاستەکاندا دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئەم منداڵانە.

 

ڕەخنەی لە نەبوونی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت لە دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ئەنجامی ململانێکان منداڵان لەوێ دەکوژرێن، چاودێریکردنی منداڵان مافێکی بنەڕەتی ڕێکخراوەکەیە و تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم ئەرکە بۆ پاراستنی خاک و خەڵک و وڵات.