"بەرخۆدان لە بەرامبەر ڕێگرییەکان نیشانەی سەرکەوتنە"

هەدلە حەسەن، هاوسەرۆکی تەڤدەم-ی کانتۆنی فورات ئاماژەی بە ڕێگری حکومەتی شام بۆ شەهبا و ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود کردو وتی: ئامانجی ڕژێمی سووریا چۆڵکردنی ناوچەکەیە، بەڵام بەرخۆدانی خەڵک هەموو سیاسەتەکان پووچەڵ دەکاتەوە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە ٢٣ی تشرینی دووەم، ڕژێمی سووریا ڕێگرییەکی سەختی سەپاندووە بەسەر ناوچەکانی شەهبا و ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، لە ئەنجامی ئەو گەمارۆیەی کە تا ئێستا بەردەوامە، گەل لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین کە کۆتایی بە هەموو پێداویستییەکانی ژیان دەێت، لە بەرامبەر ڕەوشی ڕێگری، ئەو دانیشتوانەی لە گەمارۆکەدا دەژین بەرخۆدانێکی بێوێنە ئەنجام دەدەن.

 

هەدلە حەسەن، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک "TEV-DEM" لە کانتۆنی فورات، کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕژێمی بەعس نیشاندا.

 

"لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئاڵۆزی هەیە"

لە سەرەتای قسەکانیدا هەدلە حەسەن تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای شەهباو وتی: ڕژێمی بەعس بەردەوامە لە ڕێگری بۆ شەهبا، ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، ئەم گەمارۆیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان هەبووە کە دەتوانین بڵێین پێداویستییەکانی ژیان بەرەو لەناوچوون دەڕۆن، خەڵک لە خواردن و خواردنەوە و شیردانی دایک و سووتەمەنی و کەرەستە و دەرمانی پەیوەندیدار بە نەخۆشخانەکان بێبەش دەکرێن، ئەم کێشەیە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، بارودۆخێکی ئاڵۆز دروست دەکات و مەترسییەکی گەورە دروست دەکات، چەند منداڵێک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی گیانیان لەدەستدا هەروەها منداڵە بچووکەکان بەهۆی نەبوونی شیرەوە برسی دەبن، خەڵکی بەتەمەن دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە منداڵن.  رژێمی بەعس سیاسەتێکی لەو شێوەیە پەیڕەو دەکات کە خەڵکی ناوچە گەمارۆدراوەکان ناچار بکرێن کۆچ بکەن و دەستبەرداری بەرخۆدانی خۆیان بن.

 

"لە گەمارۆکەدا دوو ڕێککەوتن هەیە"

باسی لە ئامانجی ڕژێمی سووریا کرد و وتی: دەزانین ئەوانەی لە شەهبا دەژین بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە کۆچبەرن، بەڵام بۆ ئەوەی لە بۆنی خاکەکەیان ڕزگاریان نەبێت، لە هەموو بارودۆخەکانی ڕێگرییدا دەژین و هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین بە بەرخۆدانێکی گەورە نوێ دەکەنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە ڕێککەوتنێکی ڕوون هەیە لە نێوان ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی تورکیا بۆ کۆمەڵکوژی دانیشتوانی ڕەسەنی عەفرین و جێگۆڕکێکردنیان بە گروپی چەتەکان. لە کاتێکدا گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە عەفرین دەکرێت و چەتەکان جێبەجێ دەکرێن، ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی تورک دەیانەوێت هەمان پلان لە شەهبا جێبەجێ بکەن، ئەو ڕگرییەی ڕوودەدات ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان دەبێت، ئەو کەسانەی پێداویستییەکانی ژیان و خێزان دابین دەکەن ژنن، بۆیە ژنانیش لە ئاستەنگیدا دەژین بەبێ ئەوەی دەرفەتی ژیانیان هەبێت.

 

"مافی مرۆڤ بەبەرچاوی جیهانەوە پێشێل دەکرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا هەدلە حەسەن ڕەخنەی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گرت و وتی: دەکرێت سەرنجی تایبەت بۆ بارودۆخی ئەو کەسانە ڕابکێشرێت کە لە کامپەکانی بەرخۆداندا دەژین، کۆچبەران لە کامپەکان لە هەموو کەس سەختتر دەژین و ئەو ڕێکخراوانەی کە هەندێک جار یارمەتییان پێشکەش دەکەن ئێستا دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن، لە بەرامبەر ئەم گەمارۆیەدا، دەبینین کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بێدەنگییەکی گەورەدان، هیچ هیوایەکمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام پێویستمان بەوەیە کە ڕێکخراوەکانی منداڵان و مافەکانی مرۆڤ بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگری قبوڵ نەکەن، لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا مرۆڤایەتی لەبەردەم چاوی هەموو جیهاندا پێشێل دەکرێت و ژیانی هەزاران کەس لە مەترسیدایە، لەم بۆنەیەدا هیوای ساڵی نوێمان ئەوەیە کە بتوانین هەموو ناوچە داگیرکراوەکانمان ئازاد بکەین و گەلەکەمان بگەڕێنینەوە سەر ماڵەکانیان.