دەسەڵاتدارانی ئێران سینەماکارێکیان دەستگیرکرد
ئیتلاعاتی ئێران دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی نێگین ئەمینزادە، سینەماکاریان لە شیراز دەستبەسەر کرد.

ناوەندی هەواڵ
ساڵانێکە ئێران شاهیدی دووبارەبوونەوەی شەپۆلی دەستگیرکردنەکان بووە، کە لە قۆناغەکانی گرژیی سیاسی یان ئاسایشیدا خێرایی ئەو شەپۆلانە خێراتر دەبێت، ئەم دەستگیرکردنانە هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج، لە چالاکوانانی سیاسی و مافی مرۆڤەوە تا هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستەکان، زۆرجار دەسەڵاتداران بە تۆمەتی "ئاسایشی نیشتمانی" یان "هاوکاری لەگەڵ قەوارە بیانییەکان" پاساو بۆ ئەم دەستگیرکردنانە دەهێننەوە، لەکاتێکدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی سەیری دەکەن.
دوابەدوای پەرەسەندنی سەرکوتی ناوخۆیی لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیرکردنی هاوڵاتیان، چالاکوانان و هونەرمەندانیان چڕتر کردۆتەوە، بە ڕۆشنایی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
لە درێژەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دەستبەسەرکردن کە ژمارەیەک هاوڵاتییانی کردە ئامانج لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر ماڵی نێگین ئەمینزادە، سینەماکار دانیشتووی شاری شیراز، تا ئێستا هیچ ڕاپۆرت و زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی، تۆمەتەکانی ئاراستەی، یان چارەنووسی ئەگەری بەدەست نەهاتووە.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەستیان بەسەر چەند ئامێرێکی ئەلیکترۆنی نێگین ئەمینزادەدا گرتووە کە بریتین لە مۆبایل و لاپتۆپ و فلاش و میمۆری کارتی کامێراکەی.
هەروەها نێگین ئەمینزادە پێشتر لە کاتی ڕاپەڕینی کۆمەڵگەیدا دەستبەسەر کرابوو، کاتێک لە شوێنی کارەکەی لە شیراز لەلایەن هێزە ئاساؽشییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ڕاگەیاندراوێک بۆ شەرمەزار کردنی دەستگیرکردنی نەگین ئەمینزادە
لە بەرامبەر ئەو دەستگیرکردنەدا، کۆمەڵەی کورتە فیلمی ئێران (ئیسفا) ڕاگەیامدراوێکی بڵاوکردەوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەڵسوکەوتی زەلیلکەر و ڕیسواکردنی هێزە ئاسایشییەکان بەرامبەر بە سینەماکاران بوو، وتی: هیوامان خواستبوو هەوڵەکانی دەسەڵات، دوای شەڕی ئەم دواییە، لەسەر بونیادنانەوەی متمانەی نیشتمانی بێت، ئەوەی ڕوودەدات ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی فشارە توندەکان لەسەر هاوڵاتیانی ئاسایی و هەڵسوکەوتی سەرکوتگەرانە بەرامبەر هونەرمەندانی ڕەخنەگر، لەنێو قەیرانی ئاسایشیی ئێستادا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نێگین ئەمینزادە کەسایەتییەکی دیاری پیشەسازی کورتە فیلمی ئێرانە، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە وەک ئەندامی لیژنەی دادوەری خەڵاتکردنی یەک لە دوای یەک لە کۆمەڵەکە، لە ئێستادا ئەندامی دەستەی دادوەری پازدەهەمین خەڵاتەکانی ئیسفایە.
کۆمەڵەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەستگیرکردنی نێگین ئەمینزادە، درێژەپێدەری ڕێبازێکی لەمێژینەی دەسەڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەنگە ڕەخنەگرەکان و نیشاندەری لێبوردەیی نەبوونی هەر ڕەخنەیەک لە لایەن کۆمەڵگەوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی کردووە.